ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی  مامۆستا (تەحسین تەها)ی هونەرمەندە 

بەرهەم‌و بەخششە هونەرییەكانی وەك سەرمایەكی هونەری بەنەمری ئەمێننەوە

سترانبێژی لێهاتووی كورد (ته‌حسین ته‌ها) له‌(25/10/1941) له‌ئامێدی هاتۆته‌ ژیانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ باوكی فه‌رمانبه‌ر بووه‌، له‌زۆر شارو شارۆچكه‌و ناوچه‌ی د‌ه‌ڤه‌ری بادینان ژیاوه‌، هه‌ربۆیه‌ ته‌حسین ته‌ها خوێندنی له‌ناوچه‌ی (مانگیش‌و باتووفه‌‌و شاری دهۆك) ته‌واوكردووه‌و دوای خوێندنی قۆناغی ناوه‌ندیش، چووه‌ته‌ به‌غداو له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان وه‌رگیراوه‌‌و خۆی فێری ئامێری عود ژه‌نین كردووه‌و پڕۆڤه‌شی له‌سه‌ر سترانبێژی كردووه‌‌و هاتوچۆی ڕادیۆی كوردی كردووه‌ له‌به‌غداو سترانی به‌سۆزی له‌و ئێستگه‌یه‌دا پێشكه‌ش به‌بیسه‌ران كردووه‌.

تەحسین تەها هونەرمەندێكی دیارو ناسراوی كوردستانە‌و لەچەند بوارو رشتەیەكی جیاوازدا خزمەتی بەهونەرەكانی گۆرانی‌و موزیكی كوردی كردووە‌و رۆڵی دیار‌و بەرچاوی لە نوێكردنەوەی هونەری گۆرانی لەناوچەی بادینان هەبووە.

ته‌حسین ته‌های‌ هونه‌رمه‌ند، له‌هاوینی ساڵی‌ (1964) خوێندنی هونه‌ره‌جوانه‌كانی‌ ته‌واوكردووه‌و بۆ پاییزی هه‌مان ساڵیش كراوه‌ به‌مامۆستای په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر له‌قوتابخانه‌ی (مه‌خمور)ی سه‌ره‌تایی له‌سنووری‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌و ده‌ڤه‌ره‌ زۆر چالاكی هونه‌ریی له‌بواری مۆسیقاو سرودی نیشتمانی پێشكه‌شكردووه‌و بزوتنه‌وه‌ی شانۆش له‌شارۆچكه‌كه‌دا پێشكه‌وتووه‌و ماڵه‌كه‌شی كردووه‌ته‌ مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی‌و یانه‌ی مۆسیقازان‌و گۆرانیبێژانی كورد.

ktv

ته‌حسین ته‌ها له‌ساڵی (1968)دا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێرو له‌قوتابخانه‌ی یه‌كه‌می نمونه‌یی هه‌ولێر كراوه‌ به‌مامۆستای سرودو مۆسیقا، گیانی هونه‌ریی له‌نێو قوتابییه‌كانیدا په‌روه‌رده‌ كردووه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌‌‌شدا له‌گه‌ڵ‌ ده‌سته‌یه‌ك له‌مۆسیقازان‌و هونه‌رمه‌ندی ئه‌و شاره‌ (تیپی هونه‌ری هه‌ولێر)ی‌ دامه‌زراندووه‌و خزمه‌تێكی زۆری به‌هونه‌ری كوردی كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها له‌به‌شی چالاكی هونه‌ریی سه‌ر به‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر كراوه‌ به‌ڕاهێنه‌ری مۆسیقاو سرودی قوتابخانه‌كان‌و ده‌سته‌یه‌كی باش له‌قوتابییه‌كانی فێری مۆسیقا كردووه‌.
ئاوازه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زیاتر له‌ئاوازی میللی‌و كه‌له‌پووری هونه‌ری نه‌ته‌وایه‌تی كورده‌وه‌ وه‌رگیرابوون‌و گیانی ژیانی گوندو لادێیان پێوه‌ دیاربوو، هه‌موویان له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌ڤین‌و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵدابوو، زۆربه‌ی ئاوازه‌كانیشی‌ له‌سه‌ر مه‌قامی (به‌یات) ده‌گوتران، چونكه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌‌كه‌ی ده‌گونجاو له‌مۆسیقازان‌و ئاوازدانه‌ره‌كانی كورد زۆر ڕای له‌(دڵشاد محه‌مه‌د سه‌‌عید)و (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی) بوو، له‌گۆرانیبێژه‌كانیش زۆر ڕای له‌(محه‌مه‌د عارفی جزیری‌و تایه‌ر تۆفیق‌و شه‌ماڵ‌ سائیب) بوو.

ئەم هونەرمەندە گەورەیە بەشی زۆری ژیانی بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی تەرخانكرد‌و بەرهەم‌و بەخششە هونەرییەكانی وەك سەرمایەكی هونەری بەنەمری ئەمێننەوە.
ته‌حسین ته‌های هونه‌رمه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌ی باری كوردستان سه‌ختبوو چووه‌ وڵاتی هۆڵه‌نداو چه‌ند ساڵێك له‌و وڵاته‌ به‌ئاواره‌یی ژیا، تاوه‌كو له‌ڕۆژی‌ (28/5/1995) له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ به‌نه‌خۆشی دڵ‌ كۆچی دوایی كردو ته‌رمه‌كه‌ی له‌ڕۆژی‌ (4/6/1995) گه‌یشته‌وه‌ كوردستان‌و له‌شاری‌ ئامێدی شاری‌ باب‌و باپیرانی به‌خاكسپێردرا ، درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا تەحسین تەهای هونەرمەندی ناسراوی كوردستان.