پارێزگارى هه‌ولێر زانیارى نوێ له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ راده‌گه‌ێنێت

ناوخۆ و ته‌ندروستى سه‌رقاڵى داڕشتنى هه‌ندێك ڕێنوێنین بۆ خۆپارێزی له‌كۆرۆنا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌27 ى 5 ى 2020 ،  د. فرسه‌ت سۆفى، پارێزگارى هه‌ولێر سه‌ردانى مه‌ڵبه‌ندى 3ى یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستانى كرد،دواتر له‌كۆنكره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ى هۆكارى هه‌ڵنه‌گرتنى به‌شێك له‌ بازگه‌كانى نێو شار گوتى ، وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، سه‌رقاڵى داڕشتنى هه‌ندێك ڕێنوێنین بۆ چۆنیه‌تیی خۆپارێزى له‌ په‌تاى كۆرۆنا، بوونى ئه‌و هێزانه‌ش وه‌ك ئاماده‌سازییه‌كه‌ بۆ ئه‌و بڕیاره‌ نوێیانه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ چه‌ند كاتژمێرى داهاتوودا ده‌ریانده‌كات.

پارێزگارى هه‌ولێر  راشیگه‌یاند ، تا ئێستا هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ له‌ ئارادا نییه‌.

 ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ كار و كاسبیی خه‌ڵك و ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك به‌لاى ئێمه‌وه‌ زۆر زۆر گرنگه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت، باڵانسێك له‌ نێوان كار و كاسبی و ژیانى خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ خۆپارێزییه‌كانى كۆرۆنا دروست بكه‌ین.

د. فرسه‌ت سۆفى وتیشى ، ئێستا ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا له‌زایدبووندایه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا شوێنه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و سه‌ردانكردن هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى خۆیان نه‌پارێزن و ڕێنوێنییه‌كانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، له‌وانه‌یه‌ تووشبوونى په‌تاى كۆرۆنا به‌نێو كۆمه‌ڵگادا بڵاو بێته‌وه.