خودخۆشـەیستی نــەک خۆپـەرسـتی..

با هەمووان خۆمان خۆشبووێ نەک خۆپەرستبین

یەکێک لە سیفەتە دیارەکانی ئێمەی مرۆڤ خۆخۆشویستنە، تەنانەت هەموو بوونەوەرێک لە پێناو مانەوەدا هەوڵی گەشە و پارێزگاری لە خود دەدات تا ئەوپەڕی توانا، هەندێک لەو بوونەوەرانە و بەداخەوە زۆرێک لە ئێمەی مرۆڤیش خود خۆشەویستی لە تێکشکاندنی بەرامبەر دەبیننەوە! لێ ئەوە خۆشەویستی خود نیە، بەڵکو خۆپەرستیە.

بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو شتە با ڕوونتر بڵێین: ئەگەر لە جەنگدا سەربازێک هاوڕێکەی بینی کە بەتوندی پێکراوە و لە مەیدانی جەنگەکە کەوتووە، ئایا بەدەمەوە چوون و ڕزگارکردن یا جێهێشتنی؟ کامیان؟ بەدڵنیاییەوە بەدەمەوە چوون خود خۆشەویستیە و جێهێشتن خۆپەرستیە. چونکە هەردووکیان بۆ خۆخستنە مەترسی و مەرگ نەهاتوون، بەڵکو لە پێناو خۆشەویستێکی گەورەتر کە نیشتمانە هاتوون تا پارێزگاری بکەن بۆ ئەوەی هەمووان ئاسوودە و بەختەوەر بژین.

لێکۆڵەر و زانای دیاری قوتابخانەی فەلسەفەی ڕۆحی کابالا "میخـایل لـایتمـان" هەمیشە پێداگری لـە سەر خودویسـتی -ئیگۆیزم-ی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و دەڵێ؛ (ئەگەر هەر یەکێ لە ئێمە هەست بکا کە هەمان ئایندە و چارەنووسمان هەیە، ئەو کات دەتوانین ئاسان باز بدەین لە خودویستیەوە بۆ خود خۆشەویستی. چونکە بەلای ئەوەوە خودویستی واتا بەکارهێنانی ئەوانیتر لە پێناو ئامانجی خۆت، بەڵام خودخۆشەویستی واتا ویستی سەرکەوتن بۆ هەمووان. لەبەر ئەوەی ئەو پێیوایە تۆ ئەندامی لە جەستەێکی گەورەتر کە کۆمەڵگایە جا تا تەواوی جەستە ئاسوودە نەبێ، هیچ ئەندامێکی ناتوانێ بێ ئازار بژی).

بەڕێــزان؛ پەروەردە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە جیاوازیکردنی نێوان خود-خۆشەویستی و خود(خۆ)-پەرستی، ئەگەر لەناو خێزان و باخچەی ساوایانەوە، نەوە دوای نەوە لەسەر دۆزینەوەی بەختەوەری و سەرکەوتنی بە کۆمەڵ ڕابهێنرێن ئەوە تاک هەم زووتر دەگاتە ئامانج و هەمیش دوور دەبێ لە خۆپەرستی.

بۆ نموونە:
ئەگەر لە باخچە یا قوتابخانە، مامۆستا پێنج کورسی دابنێ بۆ حەفت منداڵ و داوایان لێبکا کە کێ زووتر توانی کورسێک بۆ خۆی بگرێ و لەسەری دانیشێ، خەڵاتی دەکات.
یــان
بڵێ کورسیەکان ژمارەیان کەمترە لە ئێوە، داواتان لێدەکەم هەمووتان خێرا شوێنی خۆتان بە ڕێکی بکەنەوە، ئەگەر توانیتان هەمووان خەڵاتتان دەکەم، بەس یەک کەس شوێنی نەبێتەوە ئەوە بەسەرکەوتوو دانانرێن و کەس خەڵات ناکرێ.

شوێن، هەمان قوتابخانە.
یاری، هەمان یاری.
مامۆستا، هەمان مامۆستا.
منداڵ، هەمان فێرخواز.

بــــەڵـام ئەنجام جیـاوازە..
لە شێوازی یەکەم، هەر یەکەیان هەوڵەدا کۆنتڕۆڵی کورسێ بکات و لەسەری دانیشێ. جا کێ بەهێزترە، خێراترە یا کێ دەتوانێ ئەوەی پێشخۆی پاڵدا و بیکەوێنێ، ئەو براوەیە. ئەمە گەشەدانە بە خودپەرستی.
لە شێوازی دووەم بە پێچەوانەوە، هەمووان هەوڵەدەن بەیەکەوە دانیشن و هاوکاربن لە جێکردنەوەی یەکتر بە ڕێکی. چونکە دەزانن ئەگەر هەر کامیان شوێنی نەبێتەوە ئەوا هیچ کەس سەرکەووتوو نیە.
جا لێرەدا خود خۆشەویستی دەچێنرێ و هەمووان فێر دەبن کە سەرکەوتن و بەختەوەری شتێکی کەسی بەرتەسک نیە. بەڵکو کۆمەڵایەتییە، کە پێگەیشتن تێدەگەن چۆن هەست بە ئازاری بەرامبەریان بکەن، چۆن بەدڵخۆشی ئەوانیتر شاد بن.
ئیتر ژیان جوانتر دەبینن و میهرەبانی و گیانی هاوکاری زیاد دەبێ لەلایان و دەزانن کە سەرکەوتنی بەرامبەر شکستی خۆی نیە و بۆ سەرکەوتنی خۆشی پێویستی بە تەگەرە خستنە پێش ئەویدی نیە.

دەی با هەمووان خۆمان خۆشبووێ نەک خۆپەرستبین

ن / ئەردەڵان لەتیف