له‌ ساڵوه‌گه‌ری کۆچی دوایی هونەرمەند (عەباس کەمەندی)دا 

بە مامۆستای (حەوت هونەر) ناسرابوو

عەباس کەمەندی (1952-2014 ) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، نیگاركێش، نووسەر، شاعیر و دەرهێنەری بواری شانۆ و درامای خەڵکی شاری سنە کە بە مامۆستای (حەوت هونەر) ناسرابوو، شەش ساڵ لەمەوبەر و ڕیکەوتی 2014.5.22 لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
عەباس کەمەندی،   لە تەمەنی 16ساڵیدا سەرقاڵی شێعر هۆنینەوە و چیرۆکنووسین بووە و بە گوتەی خۆی لاسایی هیچ کەس و شێوازێکی نەکردووەتەوە جیا لە گۆرانیبێژی لە بوارەکانی نیگارکێشی، نووسین، دەرهێنەری، مۆسیقا، شیعر و چیرۆک، دەستێکی باڵای هەبووە و لە سەرەتای منداڵییەوە ئۆگریی بە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی هەبووە... لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوبەش دەست‌پێدەکات و دەبێتە باوکی کوڕێک و دوو کیژ. 

کەمەندی کە بە مامۆستای حەوت هونەر ناسراوە، ساڵی 1970لە تەمەنی 18ساڵیدا لە کێبڕکێی چیرۆکنووسیدا لە رادیۆ سنە پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە.

مامۆستای حەوت هونەر ساڵی ١٣٥٠ بەرپرسایەتیی ئاوازدانەریی خانەی فەرهەنگ و هونەریی پێ سپێردراوە.

شێوازی شیعری گۆرانییەکانی مامۆستا عەباس کەمەندی عاشقانەیە و زۆربەی شیعرەکانی لە شێعری شاعیرانی هەورامی وەرگرتووە.

عەباس کەمەندی زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیی خوێندووە و زیاتر لە 60گۆرانیشی بۆ خۆی ساز کردووە.

هونەرمەند هەروەها کاری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کردووە و بە بەرهەمهێنانی دیکیۆمێنتی فیلمی ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە وەکوو سنجەرخان، سەید عەتا کەل، ژیانی پاڵەوان حوسێن گولزار کرماشانی، بە تاڵانبردنی ئاسەوارەکانی زێویە، میری نەورۆزی و ... سیمایەکی دیکە بە مێژووی چیرۆکنووسیی کورد بەخشیوە.

ئەسب، سەوەتەیەک ئاڵف، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە رەحیم، ئەندامی نویی ئۆپێک، شەڕی رۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، پارێزەری یەکەم، قەڵەم و شەیتان و پاڵەوان پەمە، ناوی ئەو فیلمنامانەیە کە لەلایەن هونەرمەن عەباس کەمەندییەوە نووسراون.

عەباس کەمەندی، ساڵی ١٩٥٢ لە گەڕەکی )جه‌وراوا(ی شاری سنە لەدایک بووە. زۆربەی بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە بە پیشە قەساب بوون و کەشێکی سوننەتی (دابونەریتی کۆن) بەسەریاندا زاڵ بووە. کەمەندی جیا لە ھونەری مۆسیقا, شارەزاییەکی زۆری لە بواری وێنەکێشان، شانۆ و سینەما و ئەدەبیاتی کوردی و بەتایبەت ئەدەبی زارەکی و فەرهەنگ و گۆرانیی هەوراماندا هەبووە و لەم بوارەدا بە دەیان توێژینەوەی ئەنجام داوە. ماوەی ٣٥ ساڵ لە رادیۆی شاری سنە کاری کردووە و بە دەیان چیرۆک و بەیتی کوردیی لە ڕادیۆ بە شێوەی شانۆی دەنگی دەرهێناوە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوبەش دەست ‌پێ کردووە و خاوەنی کوڕێک و دوو کیژە.

کەمەندی پاش تەمەنێک خزمەت بە بواری هونەر و مۆسیقا و هونەری ڕەسەنی کوردی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئایار ی ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوه کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئاساوڵە (بەهەشتی محەمەدی) بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

عەباس کەمەندی هونەرمەندێکی فرە بەرهەمە کە بەداخەوە ژمارەیەکی کەمی بڵاو کراوەتەوە، لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا کە زۆربەی شیعر، ئاهەنگەکانی هی خۆی بووە، خاوەن ڕێچکە و دەنگ و لەحنی تایبەت بە خۆیە و پاش خۆی ئەم ئەلبوومە گۆرانییانەی لێ بەجێ ماوە کە وەک سەرتۆپی گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دێنە ئەژمار.

گەلاوێژ، ھەورامان، پرشنگ، کیژی کورد(٢٠١٢)بەشێکن لە ئەلبوومی گۆرانییەکانی.

کەمەندی لە بواری نووسینی ئه‌ده‌بیاتی میللی و شیعر و چیرۆک، کۆکردنەوەی فۆلكلۆر، فەرهەنگ و مێژووی كورددا زیاتر لە‌ 6 هه‌زار لاپه‌ڕه‌ لێکۆڵینەوەی‌ کردووە و له‌ كتێبخانه‌ی فه‌رهه‌نگی له ‌تاران پارێزراوه‌.

بەرهەمەکانی هونەرمەند عەباس کەمەندی، کۆمەڵە شیعری هەواراگەی هاوار (کوردی و فارسی) نووسینی 4 رۆمان، نووسینی سیناریۆی 30 فیلمی درێژ و كورت. نووسینی 2 كتێبی شیعری به ‌فارسی و ‌كوردی و كێشانی نزیكه‌ی 100 تابلۆی هونەری و خاوه‌نی 60 گۆرانییه‌ و چه‌ندین فیلم و درامای به ‌شێوه‌ی زنجیره‌ بۆ تەلەفزیۆنی سنە بەرهەم هێناوە کە هەندێکیان بریتین لە: سنجەرخان، پاڵەوان حوسێن گوڵزار کرماشانی، میری نەورۆزی، کاروانسەرا، مام ڕەحیم و فڕین لە قەفەس و ئەسپ و چەندین بەرهەمی دیکە،لە بواری کاری تەلەفزیۆنیشدا چەند کارێکی وەک پاڵەوان پەمە و کۆنە و چەند کارێکی دیکە.