بڕیكی زۆر شیرینی و لیمۆ به‌سرایی له‌ناوده‌برێت

داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كرێت له‌كاتی هه‌بونی شتومه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچوو لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌


له‌سه‌ر زانیاری ئاسایشی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌وه‌، بڕیكی زۆر شیرینی و لیمۆ به‌سرایی به‌سه‌رچو له‌ناو ده‌برێت و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی هه‌بونی شتومه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچو لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

ئازاد نه‌بی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یه‌كی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌سه‌ر زانیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌وه‌ له‌كۆگایه‌كی گه‌ڕه‌كی كانێسكان ده‌ست به‌سه‌ر (620) كیلۆگرام شیرینی له‌جۆری (گه‌زۆ) كه‌ ماوه‌ی خواردنی به‌سه‌رچوه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبوه‌ به‌شێوه‌ی هه‌ڵرژاو و له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان ساغی بكاته‌وه‌.

وتی: له‌ كۆگایه‌كی دیكه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر بڕی (150) كیلۆگرام لیمۆ به‌سراییدا گرتوه‌ كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌سه‌رچوه‌ و شیاوی خواردن وبه‌كارهێنان نیه‌.

رونیكرده‌وه‌: به‌شێك له‌ بازرگان و دوكانداره‌كان مانگی ره‌مه‌زان به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و خۆراك و شیرینی و چكلێتانه‌ی به‌سه‌رچون‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌كاتی بازاڕكردن به‌وریاییه‌كی زیاتره‌وه كاڵا و پێداویستییه‌كانیان بكڕن و له‌كاتی هه‌بونی گومان یان بینینی شتومه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچو له‌ڕێی (07708677777) لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.‌ ‌


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت، به‌رده‌وام سه‌ردانی كۆگاكانی عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی و ماركێت و بازاڕی گه‌ڕه‌كه‌‌كان ده‌كات، له‌كاتی هه‌بونی هه‌ر خۆراكه‌ ماده‌یه‌كی به‌سه‌رچو ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و دواتر به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت.