توركیا ده‌ست ده‌كات به‌ وه‌رگرتنی داواكاریی هاووڵاتیانی عێراقی

بۆ وه‌رگرتنی ڤیزای توركیا


سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كانی توركیا له‌ عێراق ده‌ستده‌كه‌ن به‌ وه‌رگرتنی داواكاریی هاووڵاتیانی عێراقی بۆ وه‌رگرتنی ڤیزای توركیا، مه‌به‌ستیش له‌و رێكاره‌ دروست نه‌بوونی قه‌ره‌باڵغییه‌ له‌ كاتی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ به‌غدا ئاشكرایكردووه‌، له‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كانی توركیا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ وه‌رگرتنی داواكاریی هاووڵاتیانی عێراقی بۆ وه‌رگرتنی ڤیزای توركیا.

باڵیۆزخانه‌كه‌ روونیشی كردۆته‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، كاتێك گه‌شته‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، قه‌ره‌باڵغیی زۆر له‌سه‌ر داواكاریی وه‌رگرتنی ڤیزا دروستنه‌بێت.

هاوكات راشیگه‌یاندووه‌ بڕی په‌نجا دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك وه‌رده‌گیرێت له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی ڤیزای توركیا، به‌ڵام تاوه‌كو گه‌شتی نێوان عێراق و توركیا به‌ فه‌رمی ده‌ستپێنه‌كاته‌وه‌، هاووڵاتیان ئه‌گه‌ر ڤیزاكه‌ش وه‌ربگرن، ناتوانن گه‌شت بكه‌ن.