لیره‌ی توركی له‌ دابه‌زین به‌رده‌وامه‌

له‌ئه‌گه‌ری زیادبوونی ڕێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا زیاتر دابه‌زێت


ڤایرۆسی كۆرۆنا جگه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هاوكات كاریگه‌ری گه‌وره‌شی له‌سه‌ر كه‌رتی ئابووری وڵاتان دروستكردووه‌ به‌جۆرێك جمووجۆلی بازرگانی له‌ سه‌رجه‌م ولاتانی جیهان كه‌میكردووه‌ گۆرانكاری گه‌وره‌شی خستووه‌ته‌ نێو بازاڕه‌كانی نه‌وت و كانزاكان.

جگه‌ له‌و كه‌رتانه‌ كه‌رتی گه‌شتیاریش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ ئامانجه‌كانی كۆرۆنا كه‌ پێكاویه‌تی. 

توركیا یه‌كێكه‌ له‌و ولاتانه‌ی كه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دووچاری زیانێكی زۆر هاتووه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و ولاته‌ دروستكردووه‌ له‌و نێوه‌نده‌شدا دراوی ولاته‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دابه‌زینێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌.

 ساڵی رابردوو كاتێك كه‌رتی گه‌شتیاری توركیا هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بوو سه‌د دۆلای ئه‌مه‌ریكی به‌ پێنجسه‌د تاوه‌كو پێنجسه‌د و په‌نجا لیره‌ی توركی ده‌فۆرشرا، ئێستا كه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری دووچاری زیانێكی زۆر هاتووه‌ سه‌د دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ بازاره‌كانی توركیا به‌ حه‌فتسه‌د لیره‌ی توركی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت و له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ شه‌شسه‌د و نه‌وه‌د لیره‌ی توركی ئاڵوگۆری پێوه‌ ده‌كرێت. 

له‌ئه‌گه‌ری زیادبوونی ڕێژه‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نرخی لیره‌ی توركی له‌ به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی زیاتر دابه‌زێت