كه‌رتی فڕۆكه‌وانی چین زیانی چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری پێگه‌یشتووه‌

به‌هۆی كۆرۆناوه‌یه‌

هێڵی فڕۆكه‌وانی چین بڵاوی كرده‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ وڵاتانی تر بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌رته‌كه‌یان زیانی چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری پێگه‌یشتووه‌، ئه‌و زیانه‌ی ئاماژه‌ی پێ كراوه‌ هی دوای ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی چینین. پێشتریش زیانێكی زۆر به‌ر كه‌رته‌كه‌ كه‌وتبوو.

له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی چین بڵاویان كرده‌وه‌ 21 ملیار یوان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ سێ ملیار دۆلار.

ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵ به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوو له‌سه‌دا 71 كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووری چین، هێڵی فڕۆكه‌وانی ئه‌و وڵاته‌ش گه‌شه‌ی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینیبوو و ژماره‌ی گه‌شتیاره‌كانیش ساڵ به‌ ساڵ زیاتر ده‌بوون.

به‌گوێره‌‌ی رادیۆ فه‌ردا، چین له‌مدواییه‌دا ده‌ستی به‌ به‌رهه‌مهێانی فڕۆكه‌ی گه‌شتیاریش كردبوو، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا زۆربه‌ی كۆمپانیاكانی چین هه‌ر سوود له‌ به‌رهه‌می كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بۆینگ و ئه‌یرباس وه‌رده‌گرن.