چۆن بتوانین لە خۆرەوە ڤیتامین دی وەربگرین؟ 

چ كاتێك بڕۆینە بەر خۆر؟

ڤیتامین دی، كە لەشی ئێمەدا گرنگیی زۆری هەیە و ڕێژەی ئەو ڤیتامینە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە كاری گورچیلەكان، پتەویی ئێسكەكانمان و زۆر فرمانی گرنگی دیكە. هەربۆیەشە كە كەمیی ڤیتامین دی پەیوەندیدارە بە نەخۆشییەكابی وەكوو شێرپەنجە، خەمۆكی، لاوازیی ماسوولكەكەكان و هەروەها ئێسكەنەرمە. ئەوە دەری دەخات كە چەندە پێویستە كە ڕێگە نەدەین بڕی ئەو ڤیتامینە لە جەستەماندا كەم بكات، باشترین ڕێگەش بۆ ئەو كارە بریتییە لە خۆهەڵخستن لەبەر خۆر، بەڵام با بزانین چۆن:

هەموومان لێرەولەوێ شانە خۆرییەكانی بەرهەمهێنانی كارەبامان بینیوە كە چۆن لەڕێگەی تەكنەلۆژیاوە وزەی ناو تیشكی خۆر وەردەگرن و دەیكەنە وزەی كارەبا. لەڕاستیدا لەشی ئێمەش بەهەمان شێوە سوود لە تیشكی خۆر وەردەگرێت. هەروەك چۆن لە بابەتی پێشوودا ئاماژەمان پێدا، خانەكانی پێستی مرۆڤ توانای گۆڕینی چەوری (كۆڵیسترۆڵ)یان هەیە بۆ ڤیتامین دی، بەڵام ئەو پڕۆسەی گۆڕانكارییە پێویستی بە وزە هەیە، دیارە باشترین سەرچاوەش بۆ دابینكردنی ئەو وزەیە تیشكی سەروو بنەوشەییە كە لەناو ڕووناكیی خۆردا هەیە. كێشەیەك كە لێرەدا دێتە گۆڕێ ئەوەیە كە ئەم جۆرە تیشكە زیانیشی هەیە، بۆیە دەبێتە بە ئاگادارییەوە بڕۆینە بەر خۆر.

چ كاتێك بڕۆینە بەر خۆر؟

بەپێی توێژینەوەكان باشترین كاتی خۆدانە بەر خۆر نیوەڕۆیانە، بەتایبەت لە هاویناندا. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەو كاتەدا تیشكەكانی خۆر بەستوونی دادەبەزن و چریان زیادترە، هەربۆیە پێویستیمان بە ماوەیەكی كەمترە بۆ مانەوە لەبەر هەتاودا. تەنانەت توێژینەوەیەك دەری خستووە كە توانای لەشی مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی لە نیوەڕۆیاندا زیاد دەكا.

جیا لەوەش، زاناكان بۆیان دەركەوتووە كە بەهۆی لاربوونەوەی تیشكی خۆر لە كاتەكانی دیكەی ڕۆژدا، دیاردەی شكانەوەی تیشكەكان ڕوودەدات و ئەوەش وا دەكات بەركەوتنی زۆر بە ڕووناكیی خۆر لەو كاتانەدا هەلی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی وەكوو شێرپەنجە زیاد بكا.

ماوەی چەند بمێنینەوە لەبەر خۆر؟

هەڵبەت وەڵامی ئەو پرسیارە دەكەوێتە سەر پلەی گەرمی، ڕەنگی پێست و هەروەها ڕێژەی ڕووتیی جەستەت. لەڕووی زانستییەوە وا باشە كە لانی كەم چوارسێی جەستەت بەدەرەوە بێت. جیالەوەش، ڕەنگی پێست كار دەكاتە سەر ماوەی پێویستی بەركەوتن بە خۆر، ئەو كەسانەی پێستیان بۆر و ڕەشە پێویستیان بە كاتێكی زیادتر هەیە. واتە بەگشتی لە هاوینانی كوردستاندا كە پلەی گەرمی بەرزە، ئەو كەسانەی كە خاوەن پێستی ناسك یان سپین دەتوانن هەفتانە سێجار بۆ ماوەی ١٥-٢٥ خولەك بەجلی ژێرەوە خۆیان لەبەردەم خۆردا هەڵ بخەن. ئەو كەسانەش كە پێستیان بۆر یان ڕەشە، بەپێی ڕێژەی تاریكی ڕەنگی پێستیان پێویستە ئەو ماوەیە زیاد بكەن، واتە هەتاوەكوو ڕەنگیان تاریكتر بێت، كاتێكی زیادتر بمێننەوە.

لێرەدا گرنگە بزانین كە لە وەرزەكانی دیكە كاتێك پلەی گەرمیی دادەبەزێت و تیشكەكانی خۆر كەمتر دەگەنە ئێمە، پێویستیمان بە ماوەیەكی زیادتر هەیە بۆ دەسكەوتنی بڕی تەواوی ڤیتامین دی.

ئایا دەكرێ دژەخۆر بەكار بهێنم؟

چەندین توێژینەوە لەو پرسیارەیان كۆڵیوەتەوە و وەڵامەكانیش تاوەكوو ئێستا مشتومڕی لەسەرە. بەڵام ئێمە پێشنیازی ئەوە دەكەین كە بەبێ دژەخۆر خۆتان بخەنە بەر هەتاو، بەو مەرجەی كە خۆهەڵخستنەكەتان درێژە نەكێشێت.

جا ئەگەر بشتانەوێ دژەخۆر بەكار بهێنن، پێویستە ماوەیەكی زیادتر بمێننەوە بۆ ئەوەی كە بڕی پێویستی ڤیتامینەكەتان دەس بكەوێت.

من پێستم زۆر ناسكە و هەستیارم بەتیشكی خۆر، چی بكەم؟

ڕاستە تیشكی خۆر باشترین ڕێگەی دەستكەوتنی ڤیتامین دی-ە، بەڵام ئێمە هەرگیز ئامۆژگاریتان ناكەین كە تەنها لەپێناو دەستكەوتنی ئەو ڤیتامینەدا خۆتان بخەنە بەردەم مەترسی دیكەوە، بەتایبەت لە كاتێكدا كە جێگرەوەی دیكەمان هەیە بۆ دەستكەوتنی ڤیتامین دی. بۆ زانیاری زیادتر لەسەر ڕێگەكانی دیكەی دەستكەوتنی ڤیتامین دی.

سەرچاوە/ تـــەندروستیی ئێـــــستا

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ

COVID-19
تووشبوون
5,637,094
گیانله‌ده‌ستدان
349,273
چاکبوونەوە
2,404,451
تووشبووان
507
گیانله‌ده‌ستدان
5
چاکبوونەوە
403
تووشبووان
4,848
گیانله‌ده‌ستدان
169
چاکبوونەوە
2,852