مەسروور بارزانی پێداویستییەکانی پۆلیسی سلێمانی دابین دەکات

لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لەپاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان


پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەكی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیسی پارێزگاکەیان كردووە.

ئەمڕۆ سێ شەممە 7ی نیسانی 2020، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەپەیوەندییەكی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ بەڕێز عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرو ئەفسەرو كارمەندانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كرد، لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لەپاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو پەیوەندییە ڤیدیۆییەدا لەگەڵ  بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ستایشی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونییەكانی پۆلیسی سلێمانی و هێزە ئەمنییەكانی كردو بەڵێنی دا بە هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هەروەها داواشیكرد وەك هەمیشە لەجێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا، پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن.