له‌ئێران 133 كه‌سی دیكه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا

كۆی گشتی گیان له‌ده‌ستدان بۆ سێ هه‌زار و 872 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌

له‌ ئێران له‌ ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٣٣ تووشبووی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كۆی گشتیی گیان له‌ده‌ستدان له‌و وڵاته‌ بۆ سێ هه‌زار و ٨٧٢ كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌.‌

كیانوش جیهانپور، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ له‌ ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٣٣ تووشبووی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و وڵاته‌ به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشته‌ سێ هه‌زار و ٨٧٢ كه‌س.

جیهانپور ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دوو هه‌زار و ٨٩ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون تۆماركراوه‌ و ژماره‌ی تووشبووان، گه‌یشتوه‌ته‌ ٦٢ هه‌زار و ٥٨٩ كه‌س كه‌ ره‌وشی ته‌ندروستیی سێ هه‌زار و ٩٨٧یان ناجێگیره‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ دوێنێوه‌ تا ئێستا، دوو هه‌زار و ٨٠٣ تووشبوو دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر چاكبوونه‌ته‌وه‌ و چونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ تا ئێستا، ٢٧ هه‌زار و ٣٩ تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) له‌و وڵاته‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ تا ئێستا، ٢١١ هه‌زار و ١٣٦ كه‌س پشكنینی ڤایرۆسه‌كه‌یان بۆ كراوه‌.