کاتژمێر 8ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە مارکێت و نانەواخانەکان کراوە دەبن

پارێزگای هەولێر رێنمایی نوێ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ ده‌خاته‌روو

 

جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتژمێر 8ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە مارکێت و نانەواخانەکان کراوە دەبن و بڕیارەکەش تاوەکو 10ی نیسان بەردەوام دەبێت.

هێمن قادر، جێگرەی پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتژمێر شەشی بەیانی تاوەکو 12ی نیوەڕۆ مۆڵەتی کارکردن دراوە بە غازفرۆشی ماڵان، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ماست و بەروبومە شیرییەکان، دوکانی سەوزە و میوە و فەرمانبەرانی دارایی و بانک.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تاوەکو شەشی ئێوارە نوسینگەکانی دراو، کۆگاکان و دەرمانخانەکان، ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت بە گواستنەوەی خۆراک و کۆمپانیاکانی تایبەت بە دیلیڤەری کراوە دەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتژمێر شەشی ئێوارە بۆ 12ی شەو قەدەغەی هاتوچۆ بەهەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت تەنها هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی و ئەو لایەنانەی لە بڕیاری ژمارە 23ی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەیان پێکراوە ناگرێتەوە.