چاوشئۆغڵو: 156هاووڵاتی توركیا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

ته‌رمی 50 هاووڵاتییان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌

مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئاشكرایكرد ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی توركیا كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ١٥٦ كه‌س.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو، له‌ میانه‌ی به‌شدارییكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی CNN Turkدا، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كرد.

چاوشئۆغڵو ئاشكرایكرد به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه‌ توركانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ له‌ دۆخێكی خراپدان و گوتی: "تاوه‌كو ئه‌مڕۆ ٢٥ هه‌زار هاووڵاتییمان له‌ نزیكه‌ی ٥٥ وڵاته‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ وڵات".

 دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌هێنرێنه‌وه‌ ١٤ رۆژ كه‌ره‌نتین ده‌كرێن و گوتی: "له‌ ١ی نیسانه‌وه‌ دوو هه‌زار و ٤٦٧ هاووڵاتیمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌. له‌ دوایین دوو رۆژدا ٦٤٤ هاووڵاتیمان له‌ كوێته‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتیانی توركیا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، مه‌ولود چاوشئۆغڵو گوتی:

"به‌داخه‌وه‌ ١٥٦ هاووڵاتییمان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ته‌رمی ٥٠ هاووڵاتییمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ وڵات".