Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 05:53

وەزیری پەروەردە: هەموو هەوڵەکانمان ئەوەیە لە 2-5-2020 ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە

وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردستان TV
100%

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ قوتابیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە لە 2-5-2020 ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە.

لە پەیامەکەیدا هەروەها هاتووە لە 12-5-2020  تا 21-5-2020 تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی 12 ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەکانیەوە، ئەنجام دەدرێت.

وەزیری پەروەردە دەڵێت، تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندن تاقیکردنەوەی نیشتیمانی قۆناخی 9 ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوە دەکەن. تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان ، بە قۆناخی 9 ی بنەڕەتیشەوە ، هەروەها پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی ، لە 1-6-2020 دەستپێدەکات تا 10-6-2020.

دەقی پەیامەکەی وەزیری پەروەردە:-

مامۆستایانی بەڕێز ، قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز ، خانەوادە بەڕێزەکانیان، ئەم کاتەتان باش :
پاش ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لەڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجوومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتیتان بڕیاری پشووی ناوەندەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردەی دا ، بەپێویستی دەزانین لەڕێگای ئەم پەیامەوە جەخت بکەینەوە لە :

1 ـ ئەنجوومەنی وەزیران ، بەسەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی رێزدار قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران پاش تاوتوێکردنی پلانەکانی وەزارەتمان بڕیار دراوە کە قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت.

2 ـ ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات،  هەمووهەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە لە2-5 ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە بۆ ئەم مەبەستەش لەوحاڵەتەدا پلان وخشتەکانمان بەم جۆرە دەبێت :

ـ لە 12-5-2020 تا 21-5-2020،  تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی 12 ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەکانیەوە، ئەنجام دەدرێت .

ـ تەنها بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاقیکردنەوەی نیشتیمانی قۆناغی 9 ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوە دەکەن. بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی و پێویستە بۆردی نمرەی قوتابیان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەزموونەکانی وەزارەت.

ـ تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان ، بە قۆناغی 9 ی بنەڕەتیشەوە ،  هەروەها پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی ، لە 1-6-2020 دەستپێدەکات تا 10-6-2020 .

ـ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ئەزموونە گشتیەکان( وەزاری ) بۆ قۆناغی 12 ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانییەوە ، لە 28-6-2020 تا 23-7-2020 ئەنجام دەدرێت ، بەشێوازێک کە لە هەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت.

ـ تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی 12 ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە لە 16-8-2020 تا24-8-2020 ئەنجام دەدرێت.

3 ـ بۆ هەموو قۆناغەکان تاقیکردنەوەکان تەنها لەو بابەتانە ئەنجام دەدرێت کە خوێندراون یان دەخوێندرێن لەناو قوتابخانە ، واتە هیچ بابەتێک بۆ تاقیکردنەوە داخڵ نابێت ئەگەر قوتابیان نەیانخوێندبێت.

4 ـ وەزارەتی پەروەردە ، پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ، خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتیکار و هاوکار و نا ئیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ قوتابیان فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن ، هەموو قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان دەتوانن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی یان ئۆنلاین ی تایبەت بەخۆیان ، بەهەمان شێوەی قوتابخانە حکومیەکان ئەو جۆرە لە خوێندن فەراهەم بکەن ، وە هەر قوتابخانەیەکی ناحکومی کە بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت ، بە کوردی ، ئینگلیزی ، عەرەبی ، دەتوانێت سوود لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەزارەت وەربگرێت.

5 ـ مامۆستایانی وانەبێژیی قوتابخانە حکومیەکان کەبەهۆی پشووی خۆپارێزیی ناوەندەکانی خوێندن لە وانە وتنەوە دابڕاون ، لەبەرچاو دەگیرێن و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت.

6 ـ پویستە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی ، لەم دۆخەدا پابەندبن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ مامۆستایانیان و شایستە داراییەکانیان وەک لە گرێبەستەکانیان هاتووە بۆیان خەرج بکەن.

۷ـ ئەو پلان و خشتەیەی کە ئاماژەی پێدراوە لەخاڵی 2 ی ئەم بڵاوکراوەیە ، بۆ حاڵەتێکە ئەگەر توانرا لەو کاتەدا دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە ، بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە ، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستۆتەروو ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەر دەبێت لەو بارەیەوە.

ئالان حەمە سەعید 
وەزیری پەروەردە

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.