سبەى قوتابيانى کورد لە وڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان

ژمارەیان نزیکەى 300 کەسە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەى دواى نیوەڕۆ قوتابيانى کورد لە وڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى 300 کەسە. 

د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، "لە درێژەى هەوڵە بەردەوامەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژیەوەى زانستى بۆ کارئاسانى بەمەبەستى گەڕانەوەى خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس دەخوێنن. لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و بەهەماهەنگى و هاوکارى مەکتەبی جەنابی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ناوخۆ و گواستنەوەو گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لە ھەوڵی بەردەوامدا بوونە بۆ گەڕانەوەى ئەو خوێندکارانە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەویش بەهۆى بڵاوبوونەوە و مەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر ژیانى ئەم فێرخوازانە".

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایدەگەیێنێت "رۆژی دووشەممە 30-03-2020 سەرجەم ئەو قوتابى و خوێندکارانەی هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس گیریان خواردبوو، دەگەڕێنەوە خاکى هەرێمى کوردستان".

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، سوپاسى هەموو ئەو کەس و لایەنانەش دەکات کە هاوکار بوون بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ئەنجامى گەڕانەوەى خوێندکارەکان بۆ هەرێمى کوردستان.