راگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە

دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكەین

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان ، بە قۆناغێکی سەخت و هەستیاری مێژووی خۆیدا تێدەپەرێت،کە قۆناغی خۆ پاراستن و ڕووبەڕوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ،وئیدارەدانی لێکەوتە تەندروستی و ئابووریەکانیەتی.. هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی یەکەم کەیسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ، پەرلەمانی کوردستان لە ریگای لیژنەی تەندروستی و ژینگە و پاراستنی مافی بەکاربەر، لەگەل لیژنە تایبەتەمەندەکانی دیکە بەردەوام لەگەل لایەنی پەیوەندیدار لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووەو بە دواداچوونی وردی بۆ ئامادەکارییەکان و گرتنە بەری ڕێوشوێنە پێویستەکان کردوە.

لێرەوە بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین بۆ هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکانیان . هەروەها ، ویڕای دەستخۆشی زۆرمان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە سەرباری خراپی دۆخ و گوزەرانیان و لەدەستدانی کاری ڕۆژانەیان، بە شێوەیەکی باش پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن، بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا و تکامان لە هاوڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە، بە مانەوەیان لە ماڵەکانیان و پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان ، بۆ سەلامەتی خۆیان و تەواوی خەڵکی کوردستان ، پشوو درێژتر بن و هاوکاری زیاتر جێبەجیکردنی رێنماییەکان بن .

هەروەها سوپاسی زۆرمان بۆ هەموو ئەو دامەزراو و لایەن و کەسانەی کە لە چوارچیوەی کاری خێرخوازی و بەدەمەوەچوونی ئەو کەس و خێزانانەی پێویستیان بە هاوکاری بووە، کاری باشیان کردوەو ئومێدەوارین وەک نەریتێکی مرۆیی و کوردستانیانە هەمووان بە پیی توانا زیاتر هاوکار بن . ئەرکی بەڕیوەبردن و ئیدارەدانی ئەم قۆناغە سەختە لە تایبەتمەندێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە ، کە بە سوپاسەوە دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان لە سنوری تواناکانی بەردەست، درێغییان نەکردوە. پەرلەمانی کوردستان ، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان ناتوانێت دانیشتنەکانی خۆی و کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئەنجامبدات. لەگەل ئەوەشدا ، لیژنەی تەندروستی وژینگە و پاراستنی مافی بە کار بەر ، لیژنەی پێشمەرگە،لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجییەکان رادەسپێرێت، کارەکانی چاودێری و بەدواداچوون و پەیوەندی لەگەل وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە لەبەر چاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان زیاتر بکەن،بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی هەرچی لە چوارچیوەی تواناکاندایە زیاتر بخرێتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە .

لەلایەکی دیکەوە ، پەرلەمانی کوردستان داوا لە هەموو لایەک دەکات ، بە گیانی لێپرسراوێتی نیشتیمانی، هەموومان پیکەوە شان بدەینە بەر تێپەراندنی ئەم دۆخە سەختە. ئەم قۆناغە ، لە هەر کات زیاتر پێویستی بە گیانی هاوکاری و پێکەوەیی و هاوخەباتی و هاوهەڵوێستی هەموو لایەک و هەموو دامەزراوە دەستووریەکانی هەرێمە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ٢٩/٣/٢٠٢٠