وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق هۆشداری له‌باره‌ی دروستبونی كاره‌ساتى كۆرۆنا ده‌دات

وه‌زیری ته‌ندروستی: ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن له‌ مانگێكدا قه‌یرانه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێنین

 

وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق هۆشداری له‌باره‌ی دروستبونی كاره‌ساتی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌عێراقداو رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن ده‌توانین له‌ماوه‌ی مانگێكدا قه‌یرانی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا تێپه‌ڕێنین.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، جه‌عفه‌ر سادق عه‌لاوی، وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا،  رایگه‌یاند، بارودۆخی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌عێراقدا له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌و ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكن له‌واقعی دۆخه‌كه‌و له‌ژێر چاودێری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیدایه‌.

وتیشی:" عێراق له‌توانایدا هه‌یه‌ قه‌یرانه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت به‌جۆرێك له‌مانگێك تێپەڕنەكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بن، ئه‌گه‌ر رێنماییه‌كانیش وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كرێن، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌ربچێت و حاڵه‌تی له‌ناكاویش رابگه‌یه‌نین، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كۆبونه‌وه‌ی هاوڵاتیان و پابه‌ندنه‌بونیان به‌بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت".