وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا: ده‌رمانه‌كانی چین له‌سه‌ر توشبووانی كۆڕۆنا كاریگه‌ری ئه‌رێنیان هه‌بووه‌

به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین توشبوو چاك بوونه‌ته‌وه‌‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا له ‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌چینه‌وه‌ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه ‌كاریگه‌ری باشیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك توشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنا هه‌بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین توشبوو چاك بوونه‌ته‌وه‌‌. 

فه‌خره‌ددین كۆجا وەزیری تەندروستی توركیا رایگه‌یاند: ئەو دەرمانانەی لە چینەوە بەدەستمان گەیشتوون، لەسەر 136 تووشبووی كۆرۆنامان تاقی كردوونه‌ته‌وە و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئەنجامەكان ئەرێنی بوون‌. 

راشیگه‌یاند: ئه‌م توشبووانه‌ به‌ر له‌پێدانی ئه‌م ده‌رمانه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر، له‌ژێر چاودێری چڕدابوونه‌ و له‌ ئێستادا باری ته‌ندروستییان جێگیره‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌م دره‌مانه‌ ‌چاكبوونه‌ته‌وه‌. 

تا ئێستا لە توركیا 2433 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 59 كەسیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها 26 كه‌سیش ڤایرۆسه‌كه‌یان په‌ڕاندووه‌ و چاك بوونه‌ته‌وه‌.