سەرۆکی حکومەتی هەرێم 25 ئۆتۆمبێلی بۆ پۆلیسی هه‌ولێر دابینكرد

هەموو پێداویستییەکانی پۆلیسیان تێدایە


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 25 ئۆتۆمبێلی نوێی بۆ پۆلیسی هەولێر دابینکرد.


بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەڕێز عەمید (دلێر نەجاڕ) ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار (مەسروور بارزانی) و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆ بەڕێز كاك (رێبەر ئەحمەد)، 25 ئۆتۆمبێلی جۆری (فۆرچنەر)، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دابین كران.

عەمید (دلێر نەجاڕ) له‌ لێدوانێكدا بە کوردستان تی ڤی راگەیاند ماوەی هەشت ساڵە هیچ ئۆتۆمبێلێك بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دابین نەكراوە و بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانیش لەکار کەوتبوون، بۆیە وەک پێویست نەماندەتوانی چالاکییەکان بە فراوانی درێژە پێبدەین و لە هەندێک شوێنیش کەمیی ئۆتۆمبێل گرفتی جددی بۆ دروست کردبووین.

راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلەكان بە تەواوی پێداویستییەكانەوە بۆ پۆلیس ئامادە كراون و وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ رێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، جەخت دەكەینەوە كە ئەو گرینگیدان و بایەخەی بەڕێزیان بە هێزەكانی پۆلیس، ئەركمان قورستر دەكات و بەڵێنیش دەدەین وەك هەمیشە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەرشانمان ڕاپەڕێنین و لە پێناو پاراستنی سەروماڵ و تەندروستیی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێریشدا، شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەك و پۆلیسیش 24 كاتژمێر خزمەتكاری هاووڵاتیانە.