عێراق ... ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 28 کەس

فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، گیانلەدستدانی یەک کەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند


فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، گیانلەدستدانی یەک کەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) راگەیاند و بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە بەرزبوویەوە بۆ ٢٨ کەس.

فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئافرەتێکی تەمەن ٧٠ ساڵ نیشتەجێی شارۆچکەی تازە باشووری پارێزگاکە، بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، حەوت کەس کە لەگەڵ ئەو ئافرەتەی کە گیانی لەدەستداوە تێکەڵبوون، کەرەنتین کراون و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.

بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق گیانیان لەدەستداوە بەرزبوویەوە بۆ ٢٨ کەس.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا ٢٧ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبوانیش گەیشتووەتە ٣١٦ کەس.