سعوودیە قەدەغەكردنی هاتوچۆی راگەیاند

بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ


سعوودیە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، قەدەغەكردنی هاتوچۆی راگەیاند.

لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویكردەوە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز فەرمانێكی شاهانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەركردووە.

ئاماژەی بەوەیشكردووە كە لەچوارچێوەی فەرمانەكەدا، بڕیاردراوە لە كاتژمێر حەوتی ئێوارە تا شەشی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە تا ٢١ رۆژی دیکە، هاتوچۆكردن لە سەرتاسەری سعوودیە قەدەغە بكرێت.

باس لەوەشكراوە كە وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەکە دەگرێتەبەر، هەروەها سەرجەم لایەنەكانی مەدەنی و سەربازیش لەوبارەوە هاوكار دەبن.

بەپێی فەرمانەكە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ كارمەندانی كەرتەكانی تایبەت، گشتی، كارمەندانی ئەمنی، سەربازیی، تەندروستیی، خزمەتگوزاریی و راگەیەندكاران ناگرێتەوە.

هەروەها شا سەلمان بن عەبدولعەزیز داواشی لە هاووڵاتییان كردووە لە میانی قەدەغەكردنی هاتوچۆدا لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە.

دوێنێ‌ وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە رایگەیاندبوو كە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ ٥١١ كەس.