لایه‌نه‌ شیعەکان سێ كاندید بۆ جێگره‌وه‌ى عەدنان زورفی دیارى دەکەن

ژمارەیەک لایەنی بەهێزی شیعی دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی زورفی راگەیاند

ژمارەیەک لایەنی شیعەی ناڕازی بە راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، سێ کەس بۆ جێگرتنەوەی کاندید دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-3-2020، ماڵپەڕی "سۆمەرییە نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاوی کردووەتەوە، سێ کەسەکە هەرسێکیان سەرۆک زانکۆ بوون و ناوەکانیان بۆ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر ناردووە، تا یەکێکیان پەسەند بکات.

دوای راسپاردنی عەدنان زورفی، پارێزگاری پێشووی نەجەف بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ژمارەیەک لایەنی بەهێزی شیعی، کە گرنگترینیان بریتین لە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح، کوتلەی عەهدی وەتەنی و رەوتی حیکمە، دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی زورفی، راگەیاند.

ئەو لایەنە شیعە ناڕازییانە لە زورفی، سێ ناویان کاندید کردووە و ئەگەر موقتەدا سەدر یەکێکیان پەسەند بکات، ئەوا راسپاردنەکە لە زورفی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر سەدریش پەسەندی نەکات، ئەوا زورفی بەردەوام دەبێ لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

ناوی سێ سەرۆک زانکۆ کاندید کراوەکە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی عێراق، بریتین له‌" ئەحمەد ئەلغەبان، سەرۆکی زانکۆی تەکنۆلۆجی و مونیر سەعدی، سەرۆکی پێشووی زانکۆی عەین لە کەربەلاو موحسین زاڵمی، سەرۆکی پێشووی زانکۆی کوفە.