ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌رمیان كۆمه‌ڵێك بڕیاری به‌په‌له‌ى ده‌ركرد

به‌ مه‌به‌ستی باشتر گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان له‌ پێناو رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا

ئه‌مڕۆ پێنجه‌ممه‌ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئه‌م بڕیارانه‌ی لای خواره‌وه‌ دران.

1. داوا له‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كه‌ین له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاونته‌وه‌ و تا ئێستا پشكنینیان ئه‌نجامنه‌داوه‌، له‌ ماوه‌ی (72) كاتژمێر به‌ خۆیان و پاسپۆرته‌كانیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لار بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سامپڵی پێویست بۆ پشكنین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ سه‌ردان نه‌كات رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر، ته‌واوی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ناو و ناونیشان و ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی له‌به‌رده‌ستمانه‌.

2. درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تا رۆژی (24/3/2020)، ته‌نها شانده‌ فه‌رمییه‌كان و رێكخراوه‌كان و راگه‌یه‌ندنكاران و ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌ ئه‌ركدان ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن.

3. له‌ ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ خاوه‌ن كۆمپانیاكان و ماركێته‌كان و بازرگانه‌كان، ده‌توانن له‌ كاتژێر (12) ی شه‌و تا (6)ی به‌یانی شمه‌ك و خۆراك بۆ ماركێته‌كان و شوێنی كاریان بهێنن.

4. جوتیاران و خاوه‌ن باخ و مه‌زره‌عه‌كان، له‌ (12)ی شه‌و تا (6)ی به‌یانی رێگه‌یان پێده‌درێت سه‌ردانی باخه‌كانیان بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی راییكردنی كاره‌كانیان.
5. رێكخستنه‌وه‌ی كاری مه‌رزی په‌روێزخان و جموجۆڵی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌ك زیاتر به‌ریه‌ككه‌وتن كه‌مبكرێته‌وه‌.

6. ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێته‌ قایمقامه‌كانی قه‌زای كه‌لار و قه‌زای كفری به‌ مه‌به‌ستی باشتر گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان له‌ پێناو رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان.