خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان، خانوو پلاستیكیەكان و كارگەكانی ئالیك ئاسانكاریان بۆ دەكرێت

لەپێناو بەرز نەبوونەوەی نرخ هەماهەنگیان بۆ كراوە


وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند، ئاسانكاری كراوە بۆ گواستنەوەی پێداویستی و بەرهەمی كێڵگە پەلەوەریەكان، خانووە پلاستیكیەكان و كارگەكانی ئالیك، هەروەها لیژنەیەكیش چاودێری نرخ دەكات بۆ بەرز نەبوونەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: دوا بەدوای هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری یەكە ئیداریەكان و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەبازاڕكردنی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەریەكان و تاوتوێكردنی پێداویستی و بەرهەمی كارگەكانی ئالیك و خانووە پلاستیكیەكان، رەزامەندی وەرگیرا بۆ گواستنەوەی پێداویستی و بەرهەمەكانیان.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كێڵگە پەلەوەریانەی مریشكیان پێ گەیشتووە لەرێگەی سەربڕخانە فەرمیەكان سەر دەبڕدرێن و پاشان دەخرێتە ئەو ماركێتانەی كراوەن بۆ ئەوەی بگاتە دەستی هاوڵاتیانمان.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەشكرد، هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و لیژنەی پارێزگا و قائیقمامەكان دەكرێت بۆ چاودێریكرنی نرخ، ئەم لیژنەیە چاودێر دەبێت تاوەكو مریشك لە كێڵگەكان دەگاتە دەستی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت نرخ بەرزبكرێتەوە.

لەكۆتای لێدوانە رۆژنامەوانیەكەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داواشی لە خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان و خانوەپلاستیكیەكان كردووە، هەر گرفتێكی گەیاندنی پێداویستی و بەرهەمیان بۆ دروست بوو پەیوەندی بكەن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵیەكان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان.