"ماسی شه‌یتانی ده‌ریا".. چه‌كێكی نوێی ئه‌مریكی

له‌ توانایدایه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ ژێر ئاودا بمێنێته‌وه‌

كۆمپانیای "لۆكھید مارتن"ی ئه‌مریكی گرێبه‌ستێكی به‌ده‌ستهێنا به‌ گوژمه‌ی 12.3 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ش بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی "مانتا رای" یان ماسیی شه‌یتانی ده‌ریا.

ئه‌م گرێبه‌سته‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی تۆژینه‌وه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "داربا" واژوو كراوه‌، رێگه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌دات به‌ پاره‌داركردنی پێویست بۆ تۆژینه‌وه‌ تایبه‌ته‌كان له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشبردنی توێژێكی نوێی كه‌شتیی پێشكه‌وتوو كه‌ له‌ ژێر ئاو كارده‌كات، كه‌ ده‌بێت له‌ كانوونی دووه‌می ساڵی 2021 ئاماده‌ بێت.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یلی بریتانی"، ئه‌و كه‌شتییه‌ی كه‌ ئێستا په‌ره‌ی پێ ده‌درێت له‌ توانایدایه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ ژێر ئاودا بمێنێته‌وه‌ و به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت چه‌كی بۆ زیاد بكرێت، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێی ده‌سپێردرێت به‌شێوه‌یه‌كی خۆكارانه‌ بێ ده‌ستوه‌ردانی مرۆڤ.

هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌شی پێدا، "كه‌شتییه‌كان سه‌رنشین هه‌ڵناگرن" و كاركه‌ری ژێرئاوه‌، پاڵپشتی سه‌ربازه‌كان ده‌كات له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا، بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ چاكسازی هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زانیاری زۆر گرنگ له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ به‌ سه‌ربازه‌كان ده‌دات.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، پرۆژه‌ی"مانتا رای" سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر دابینكردنی سیسته‌مێكی هه‌ستیاری و ده‌زگایه‌كی وزه‌ كه‌ له‌ كه‌شوهه‌وا جیاوازه‌كانی ده‌ریا به‌رگه‌ بگرێت.

هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ كار له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشبردنی "درۆن"ێك ده‌كات كه‌ له‌ژێر ئاو كار ده‌كات، له‌پێناو چاودێریكردنی كه‌شتییه‌كانی دوژمن به‌ ئاستێكی به‌رز، هه‌روه‌ها گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ خۆكاره‌ بچووكه‌كان كه‌ له‌ ئایینده‌دا سوپاكان په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن بۆ به‌كارهێنان.

ژێده‌ر/ Kurdistan CT