ئه‌و گه‌نجه‌ى له‌ نه‌جه‌ف تووشی‌ كۆرۆنا بوو ڕه‌وانه‌ى ئێران كرایه‌وه

ناوى "سوهه‌یل ئه‌میری" یه‌و قوتابییه‌كی‌ ئێرانی‌ بوو


ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ له‌ نه‌جه‌ف تووشی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا ببوو گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ ئێران، فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌جه‌فیش ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی‌ توشبوون بوو به‌ كۆرۆنا كه‌ له‌ عێراق تۆمار كرابوو.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی‌ نه‌جه‌ف له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای‌گه‌یاند، دوای رێككه‌وتن له‌ نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كۆنسوڵخانه‌ی ئێران له‌ نه‌جه‌ف و ره‌زامه‌ندی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئێرانیه‌ی له‌ عێراق وه‌ك یه‌كه‌م تووشبووی‌ كۆرۆنا بوو، كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژ بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی حه‌كیم خه‌وێندرابوو له‌ رێی ئۆتۆمبێلێكی ئه‌مبوڵانس كه‌ سه‌رجه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تێیدابوو، گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ ئێران.

سوهه‌یل ئه‌میری قوتابییه‌كی‌ ئێرانی‌ بوو به‌ مه‌به‌ستی خوێندنی ئاینی له‌ حه‌وزی نه‌جه‌ف بووه‌ و دوێنی‌ وه‌ك یه‌كه‌م حاڵه‌تی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌ عێراق تۆمار كرا.