مه‌هاتیر محه‌مه‌د ده‌ستی له‌ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی مالیزیا كێشایه‌وه‌

نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ناردووه‌ بۆ كۆشكى پاشایەتی


به‌پێی راگەیەنراوێکی نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی مالیزیا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌، مه‌هاتیر محه‌مه‌د نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ناردووه‌ بۆ كۆشكى پاشایەتی.

رۆژنامه‌ی مالای مالی له‌ هه‌واڵێكیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌هۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی مه‌هاتیره‌وه‌ هاوپه‌یمانی ئومێد كه‌ له‌ئێستادا له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامبدرێت.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌و ده‌نگۆیانه‌ش كراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، وان عه‌زیزه‌ وان ئیسماعیل پۆسته‌كه‌ی مه‌هاتیر وه‌رده‌گرێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی مالیزیا چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی دادی گه‌ل، ئه‌نوه‌ر ئیبراهیم ئه‌نجامدابوو كه‌ بڕیاره‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی راده‌ست بكرێت.

دوێنێ پارتی ناوخۆی یه‌كگرتووی مالیزی كه‌ مه‌هاتیر محه‌مه‌د سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی و به‌ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌ و په‌رله‌مانتاره‌كانی پارته‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدابوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌و كادرانه‌ش به‌شدارییان كردبوو كه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی سه‌رۆكی پارتی دادی گه‌ل، ئه‌نوه‌ر ئیبراهیم ناسراون.

هەر دوێنێ مه‌هاتیر له‌ هۆتێلێكی ویلایه‌تی سه‌لانگۆر له‌گه‌ڵ كادرانی پارتی ناوخۆی یه‌كگرتووی مالیزیا و پارتی دادی گه‌ل و سه‌ركرده‌ی هه‌ردوو پارتی ئۆپۆزسیۆن، مالیزیا ئیسلام و رێكخراوی میللی مالای یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدابوو.

راگه‌یاندنه‌كانی مالیزیاش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردبوو كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی نوێی ده‌سه‌ڵات كراوه‌.

دوای چه‌ند كاتژمێرێكیش سه‌ركرده‌كانی ئه‌و چوار پارته‌ و پارته‌ ناوخۆییه‌كانی ویلایه‌ته‌كه‌ بومیپوتێرای یه‌كگرتوو و سه‌باح ئه‌مانه‌ت له‌ كۆشكی پاشایه‌تی له‌گه‌ڵ شای مالیزیا، سوڵتان عه‌بدوڵڵا ریعایه‌تودین مسته‌فا بیللا شا كۆبوونه‌وه‌.

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و پارتانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی سوڵتان عه‌بدوڵڵا له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌یان ئه‌نجامدابێت.

دوای كۆبوونه‌وه‌كانی دوێنێش جێگری سه‌رۆكی پارتى دادی گه‌ل، عه‌زمین عه‌لی ئه‌وه‌ی پشتڕاستكردبووه‌وه‌ كه‌ وه‌ها پلانێكیان هه‌یه‌، به‌ڵام جارێ هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌كه‌ راناگه‌یه‌نن.