ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و هەرێمی کوردستان ناوەستێت

بڕیارەکە تەنیا بۆ هاتووچۆی گەشتیاریە


بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕاگرت، بەڵام هاوردەکردنی کاڵای ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بڕیارەکە هاوردەکردنی کاڵا ناگرێتەوە.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کورستان و ئێران بەردەوامە و نەوەستاوە، بڕیارەکە تەنیا بۆ هاتنەناوەوەی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵات و ئێرانە.

مستەفا لەبدولڕەحمان، ڕاشیگەیاند:" ئەگەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بپچڕێت ئەوە کاریگەرییەکی خراپی دەبێت بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چونکە بەشێکی زۆری کاڵاکان و پێداویستی ڕۆژانە لە ئێرانەوە  هاوردە دەکرێن.

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو کەلوپەلانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن کەلوپەلی خۆراک، پێداویستی ناوماڵ، زۆر شتی دیکەش.

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ساڵانە شەش ملیار دۆلارە.

ئامادەکردن و پێداچوونەوەی - سیامەند کەریم