چاوشئۆغڵو: خوێنی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانمان له‌ ئیدلب به‌فیڕۆ ناچێت

له‌ هێرشێكی ئاسمانی له‌ باكووری سووریا دوو سه‌ربازی تورك كوژراون و پێنجی دیكه‌ش برینداربوون

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، خوێنی دوو سه‌ربازمان كه‌ له‌ بۆردومانێكی ئاسمانی له‌ ئیدلب كوژراون به‌ فیرۆ ناچێت. 

مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی كوژرانی دوو سه‌ربازی تورك له‌ پێكدادانه‌كانی ئیدلب نووسیویه‌تی، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری رایگه‌یاندووه‌ ئێمه‌ تا ئێستا رێگه‌مان نه‌داوه‌ خوێنی سه‌ربازه‌كانمان به‌فیرۆ بچێت و له‌ داهاتووشدا رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین. 

دوێنێ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگه‌یاند: له‌ هێرشێكی ئاسمانی له‌ باكووری سووریا دوو سه‌ربازی تورك كوژراون و پێنجی دیكه‌ش برینداربوون.