عێراق دەروازەی سنووری "شەیب"ی بە ڕووی ئێراندا داخست

لە ترسی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگاری میسان لە ترسی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەروازەی سنووری "شەیب"ی بە ڕووی ئێراندا داخست، حكوومەتی بەغداش چەند ڕێوشوێنێكی نوێی لە دەروازە سنوورییەكاندا بەرامبەر ئێران گرتووتەبەر.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ پارێزگاری بەسرا بڕیاری دا ڕێگە بە هاتنی هیچ گەشتیارێكی ئێرانی نەدرێت، تەنها دوای ئەوەی پشكنینی وردی بۆ دەكرێت.

ئەم ئێوارەیەش دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بڕیاری بڵاوكردنەوەی دەیان تیمی پزیشكی دا لەسەر دەروازە سنوورییەكانی عێراق و ئێران، بۆ ئەوەی پشكنینی ورد بۆ هەموو گەشتیارێك بكرێت، كە لە ئێرانەوە ڕوو لە عێراق دەكەن.

بە گوێرەی هەواڵێكی كەناڵی "ئێران ئینتەرناسیۆناڵ"، تا ئێستا 9 كەس بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە شاری قومی ئێرانیدا مردوون، ژمارەیەكی تریش لە شاری مەشهەد تۆمار كراون، بەڵام حكوومەتی ئەم وڵاتە تەنها هەواڵی مردنی دوو كەسی پشتڕاست كردووەتەوە.