ڕاگه‌یێندراوى هاوبەشی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

سەرۆك بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌كات


سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتن.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 16ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ى ڕه‌هه‌نده‌كانى ڕه‌وشى ئێستاى عێراق و ناوچه‌كه‌ و پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراق كراو، له‌به‌ر رۆشنایى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ ڕێككه‌وتن:

1. كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌پێناو ده‌ربازبوون لەو ته‌نگژه‌یه‌ى ئێستا و به‌شداریكردن‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بۆ به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ى خوارووى عێڕاق.

2. پێویسته‌ حكوومه‌تى داهاتووى عێراق نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بكات و، له‌ سه‌ر بنه‌ماى شه‌راكه‌تى نیشتمانیى بێت .

3. ده‌بێ به‌رنامه‌ى حكوومه‌ت به‌ ڕوونى ئاماژه‌ به‌ ئاماده‌كاریی بكات بۆ‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته به‌زووترین كات، وه‌ك جێبه‌به‌جێكردنی خواستى خۆپیشانده‌ران و، ئه‌م بابه‌ته‌ دەبێ ببێته‌ كارى لە پێشینه‌ى حكوومه‌تى داهاتوو .

4. پێویسته‌ به‌رنامه‌ى حكوومه‌تى داهاتوو پلانێكى ڕوون و ئاشكرا له‌خۆ بگرێ بۆ گێڕانه‌وه‌ى شكۆ بۆ داموده‌زگه‌كانى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تى و، كۆتاییهێنان بە ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى و، هێشتنه‌وه‌ى چه‌ك ته‌نها به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و، نەهێشتنی دیاردەی چەكدارە نافەرمییەكان.

5. به‌رده‌وامیی كاری هاوبەش له‌گه‌ڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی له‌ پێناو یارمه‌تیدانى عێراق له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر و زاڵبوون به‌سه‌ر پاشماوەی تیرۆریستانى داعشدا .

6. كاركردن له‌ پێناو به‌رده‌وامبوونى په‌یوه‌ندیى دوولایەنە ئەویش لەپێناو هه‌ماهه‌نگكردنی‌ هەڵوێستەكانی هەردوولا و هاوبه‌شه‌كانی تر .

serok_barzani_u_muhamad_halbusi_2020-2-16.jpg