سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی دەكات

بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاتوێ كرا


سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە.

ڕۆژی یەكشەممە 16ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی كرد كە پێكهاتبوو لە سێناتۆر جێمس ئێنهۆف ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و بەرپرسی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی شاندەكە و سێناتۆر جۆن بووزمەن و سێناتۆر ماریۆن مایكڵ ڕۆندز و سێناتۆر كێڤین كرامێر ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ترێنت كێڵی و تیمۆسی واڵبێڕگ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا.

لەم دیدارەدا كە ماسیو تیولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاتوێ كرا و شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و جەختیان لە دۆستایەتیی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی هەبوو بۆ دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا و ڕایگەیاند شەڕی دژی تیرۆر لووتكەی هاوكاریی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بوو.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی ئاڵوگۆڕ كرا.

 

86295415_2681669225215824_5226881921132265472_o.jpg