بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە دەستگیركرا

سەرچاوەیەك: هۆكاری دەستگیركردنەكەی سیاسیە


بەڕێوەبەری شارۆچکەی گوڵاڵە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق دەستگیرکرا، سەرچاوەیەكی ئەمنیش به‌ كوردستان تیڤی راگەیاند: هۆكاری دەستگیركردنەكەی سیاسیە.

بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق هێزێكی تایبەتی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای دیالە گەیشتنە ناحیەی گوڵاڵەی سەر بە قەزای خانەقین و یەعقوب لهێبی بەرێوەبەری ناحیەی گوڵاڵەیان دەستگیركرد.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لەسنوورەكە به‌ كوردستان تیڤی راگەیاند هۆكاری دەستگیركردنەكەی سیاسیە و بۆ سكاڵای ژمارەیەك عەرەبی هۆزی كەرەوی ناحیەكەوە دەگەڕێتەوە

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی ئەو عەرەبانەی هۆزی كەرەوی لە ناحیەی گوڵاڵە ئەم فشارانەیان دروستكردووە بۆ لادانی بەرێوەبەری ناحیەكە چونكە لە كوردەوە نزیكە و پێشتر لە سەردەمی هەبوونی پێشمەرگە لەو شارۆچكه‌یه‌ هەر یەعقوب لهێبی بەرێوەبەری ناحیەكە بووە ، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت كەسێكی نزیك لەخۆیان بكەنە جێگرەوەی.

شایه‌نی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ به‌هۆی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 هێزه‌ عێراقیه‌كان ملیشیا شیعه‌كان ئه‌م ناوچه‌یه‌ داگیركرد.