چین.. لە 24 كاتژمێری رابردوودا 15 هه‌زار حاڵه‌تی نوێى توشبوون به‌ كۆڕۆنا تۆماركراوه‌

ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان له‌ بەرزبوونەوەدایە

لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نزیکەی 15هه‌زار حاڵه‌تی نوێ توشبوون به‌ په‌تاكه‌ له‌ ویلایه‌تی هوبێی تۆماركراوه‌ و 242 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ویلایه‌تی هوبێی له‌ چین كه‌ ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنایه گیانیان له‌ده‌ستداوه‌‌، به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 242 كه‌س.
ئاژانسی هەواڵیی شینخوا بڵاویکردەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 14 هه‌زار و 840 حاڵه‌تی توشبوون به‌ په‌تاكه‌ له‌ ویلایه‌ته‌كه‌ تۆماركراوه‌ و 242 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.


له‌ كاتێكدا تێكڕای ژماره‌ی توشبووان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌كه‌ به‌ 48 هه‌زار و 206 حاڵه‌ت ئه‌ژماركراوه‌، هۆكاری زیادبوونی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ بۆ گۆڕینی شێوازی پشكنینی (Kovid-19) گه‌ڕێندرایه‌وه‌.
كۆمیسیۆنی ته‌ندروستی نیشتمانی چین، هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌دا له‌باره‌ی ره‌وشی په‌تاكه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌.


به‌پێی داتای 'پێشهاته‌كانی سات به ‌ساتی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌سه‌رتاسه‌ری چین كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و پلاتفۆڕمانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ چاودێری سات به‌ ساتی ره‌وشی په‌تاكه‌ ده‌كه‌ن له‌و وڵاته‌، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌رتاسه‌ری چین به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌زار و 368 كه‌س و تێكڕای حاڵه‌تەکانی توشبوون به‌ په‌تاكه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 59 هه‌زار و 883 حاڵه‌ت.