خه‌ڵاته‌كانی سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر دابه‌شكران

ده‌سخۆشی له‌ خه‌ڵكی به‌ڕێزی كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئیزنیان دامێ به‌شێكی بچووك له‌و چیرۆكه‌ گه‌وره‌یه‌ بگێڕمه‌وه‌

له‌ ڕێوڕه‌سمی كۆتایی سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر كه‌ له‌ تاوه‌ری میلادی تاران به‌ڕێوه‌چوو، په‌یمان مه‌عادی ئه‌كته‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران بۆ ڕۆڵ بینین له‌ فیلمی دارگوێز خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پیاوی برده‌وه‌.

هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین فیلم پێشكه‌ش به‌ فیلمی "خۆر" كرا و زۆرێكی دیكه‌ له‌ خه‌ڵاته‌كنیش له‌ لایه‌ن فیلمی مه‌له‌ی په‌پووله‌وه‌ مسۆگه‌ر بوو.

په‌یمان مه‌عادی ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی سینه‌مای ئێران كه‌ له‌ فیلمی دارگوێزدا ڕۆڵی قادری گێڕی پاش نمایشی ئه‌م فیلمه‌، وتی: عاشقی كورده‌كانم و جێی فه‌خر و شانازیه‌ بۆم كه‌ ڕۆڵی پیاوێكی كوردم له‌ فیلمی دار گوێزدا گێڕا.

فیلمی دارگوێز تایبه‌ت به‌ كیمیابارانی سه‌رده‌شت له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌د سدێق مه‌هده‌ویان سێ شه‌ممه‌ 15 ی ڕێبه‌ندان له‌ سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر نمایش كرا.

له‌ پرێس كۆنفڕانسی پاش نمایشی دارگوێزدا په‌یمان مه‌عادی ئه‌كته‌ری ئه‌م فیلمه‌ باسی له‌ ڕۆڵ بینینی خۆی و بۆچۆونی له‌ سه‌ر كورد و كوردستان كرد.

مه‌عادی وتی: شانازی ده‌كه‌م كه‌ ڕۆڵێ قادرم بینی و له‌و ڕێگایه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی كورده‌كان ئاشنا بووم.

Ktv

ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران ڕاشیگه‌یاند: ده‌سخۆشی له‌ خه‌ڵكی به‌ڕێزی كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئیزنیان دامێ به‌شێكی بچووك له‌و چیرۆكه‌ گه‌وره‌یه‌ بگێڕمه‌وه‌ و جلوبه‌رگی پڕ له‌ شانازی كوردی له‌به‌ر بكه‌م و به‌ زمانه‌ جوانه‌كه‌یان قسه‌ بكه‌م.

به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دارگوێز و نیشان دانی به‌سه‌رهاتی كیمیابارانی سه‌رده‌شت به‌ جیهان له‌ وه‌رگرتنی سیمۆرغ به‌نرختره‌، وتیشی: فیلم ئه‌بێ گرینگ بێت پاشان فیلمێكی باش بێت، فیلمی دارگوێز فیلمێكی گرینگه‌ كه‌ من به‌ عه‌شه‌قه‌وه‌ تێیدا ڕۆڵم بینی و پێشكه‌شی ده‌كه‌م به‌ خه‌ڵكی به‌ڕێز و نه‌جیبی كوردستان و هیوادارم قه‌ره‌بووی هه‌موو چاكه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كورد بێت.

پاشان مه‌عادی، له‌ ئینستاگرامه‌كه‌ی، به‌شێك له‌ شیعرێكی شاعیری گه‌وره‌، شێركۆ بێ‌كه‌سی دانا.

ده‌قی ته‌واوی شیعره‌كه‌ ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ سنه‌ كرایه‌ پۆسته‌ر و خودی مامۆستاش له‌ ژووری كاره‌كه‌یدا هه‌ڵیواسی.

مێژوو هات و باڵای خۆی گرت

به باڵای زامه‌كانی تۆ

زامه‌كانت

یه‌ك دوو قولانج درێژتر بوون

كه زه‌ریایش ویستی قووڵایی

زامی خۆی و تۆ بپێوێ

هاواری كرد و خه‌ریك بوو

ئه‌و له ناو تۆدا بخنكێ!

پاشان ئه‌و شیعره‌ له‌ لایه‌ن سابیر میكاییلی، هونه‌رمه‌ندی ده‌ست‌ڕه‌نگینی كورده‌وه‌، وه‌كوو تابلۆیه‌كی جوان له‌ كۆلێژی زانسته‌ مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی زانكۆی كوردستان‌دا دانرا

سه‌رچاوه‌/ جام كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران