په‌یامنێری كوردستان تیڤى: تەواوی ڕێگا گشتییەکان لە سۆران، چۆمان، ڕواندز، مێرگەسۆر بەهۆی بەفربارین گیراون

ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگا گشتییەکان دروست بووە


خوسرەت سادق، بەرپرسی کەرتی چواری سۆران، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگاو بانی هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفربارینە چڕەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە بەیانی زووەوە تیمەکانمان سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگا گشتییەکانن هەر سنووری قەزاکانی سۆران و دەوروبەری، بەڵام بەهۆی زۆری بەفربارین و بەردەوامی شەپۆلەکە، ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگا گشتییەکان دروست بووە.
گووتیشی: تەواوی ڕێگا گشتییەکانی چۆمان، حاجی ئۆمەران، سیدەکان، مێرگەسۆر و بارزان، زینی وەرتێ و دەوروبەری و تەواوی گوندەکانی ئەم سنوورە داخراون و تیمەکانیشمان بە ئامێری جۆراو جۆر خەریکی لادانی بەفرن لەسەر ڕێگاکان.
هاوکات بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفربارینە، بزاوتی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران وەستاوە. پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەکە هۆشداری دەداتە شۆفێران بێ پێداویستی ڕۆیشتن لەسەر بەفر نەجوڵێنەوە.
هاوکات بەهۆی کاریگەری ئەم شەپۆلە بەفرەی ناوچەکەی گرتۆتەوە قائیمقامی سۆران رایگەیاند:
تکایە ڕێگاکانی نێوان ھەولێر / سۆران و سۆران / حاجی ئۆمەران و سیدەکان و مێرگەسۆر و خەلیفان / رانیە بە ھۆی بارینی بەفرێکی زۆر گیراون! بۆیە تکایە ھاتوچۆ رابگرن لەو شوێنانە تا تیمەکانی فریاگوزاری و ڕاماڵینی بەفر فریای خاوێنکردنەوە بکەون.
ھەروەھا راشیگەیاند: داوا لە بەڵێندەر و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەین ھاوکاری تیمەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە بکەن بە شۆفەڵ و گرێدەر تا بتوانین دەروەستی ئەو تەوژمە بەردەوامەی بەفر بکەوین.


کەریم سمکۆ