مەحمود محەمەد: لە عێراق توندوتیژی بووەتە كولتوور

زانكۆی فەرەنسی لوبنانی له‌ هه‌ولێر پانێڵێك به‌رێوه‌چوو


مەحموود محەمەد ئه‌ندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: ناكرێت وڵاتانی دەرەوە دەست لە كاروباری عێراق وەردەن، كە هیچ حیساب بۆ سەروەریی عێراق ناكان، عێراقیش دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەردەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12-2-2020 زانکۆی لوبنانی فەرەنسی پانێلێکی لە بارەی  بارودۆخی  سیاسی و ئابووری عێراق و کاریگەریەکانی  لەسەر هەرێمی کوردستان  بۆ هەریەک لە  مەحەمەد مەحموود ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و  ئەبوبەکر کاروانی نووسەر و مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی بالای بەرژەوەندیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سازکرد .

لە پانێلەكەدا، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كە ناكرێت وڵاتانی دەرەوە دەست لە كاروباری عێراق وەردەن، كە هیچ حیساب بۆ سەروەریی عێراق ناكان.

مەحموود محەمەد راشیگەیاند، كە عێراقیش دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەردەدات، پێشی وابوو، ئەم حیساب بۆنەكردنە كێشەیەكی گەورەی ئێستای حوكمڕانییە لە عێراقدا‌، هەر ئەمەشە كە عێراقی گەیاندۆتە ئەم ئاڵۆزییە و پڕی كردووە لە هەڵاوسان و قەیران.

هه‌ر له‌ پانێڵەكەدا، مەحمود محەمەد، گوتی: لە عێراق توندوتیژی بووەتە كولتوور، سەرەڕای ئەوەش دەبینین لە عێراق لایەنی سیاسیی ھەیە، ئەمریكا ھەیە و ئێران ھەیە و لە ئاكامی چەند ھۆكارێك بووە وای بەسەر ھاتووە، كۆمەڵێك ھۆكار وایكردووە ئەم بارودۆخە ھەبێت.

هەر لە پانێلەكەدا، مەحموود محەمەد تیشكی خستە سێ ترسی كورد‌، ترسی یەكەم لە ڕابردووە كە ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب كراون و مافەكانیان پشێل كراوە، ئەمەش بەردەوام ترسەكەی لە دەروونی خەڵكی كوردستاندا هەیە، هەروەها ترسی لە ئێستاش هەیە، چونكە جڵەوی كارەكان لە دەست كورددا نییە، لە داهاتووشدا چی روو دەدا، ئەمەش لای كورد روون نییە.

بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، كە شیعە لە نێو ماڵی خۆیشیدا كۆمەڵێك كێشەی هەیە، كە ئایا هێزی بڕیاریان قومە یان نەجەفە، هەروەها كێشەی ویلایەتی (فه‌قیه) هەیە كە دەستوور و یاسا ناناسێت،‌ ئەمەش بەردەوام كێشەی بۆ حوكمڕانی عێراق دروست كردووە، هاوكات شیعەش ترسی لە رابردوو هەیە و 80 ساڵە خۆی بە مەغدوور دەزانێت و، ناوبراویش‌ كێشەكە بۆ فەتواكانی شیعە دەگەڕێنێتەوە.

مەحموود محەمەد راشیگەیاند، عەرەبی سوننەش بۆ ماوەیەكی زۆر حكومڕانیی عێراقیان كردووە و ئەوانیش دەیانەوێ خۆیان حوكمڕانیی عێراق بكەن و ئەوان بەپەرۆشن بۆ رابردوویان.

وتەبێژی پارتی لەكۆتایی قسەكانیدا گوتی: ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە، ئەوەیە كە سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو بكەین كە تا ئێستا پەیڕەومان كردووە، لەگەڵ ئێران مێژوومان ھەیە، بەڵام بەشێك نین لە بڕیارەكانیان و ئەمریكاش ئێمەی پاراستووە و ھاوكاریان كردووین دیسان بەشێك نین لە بڕیارەكانیان و پێویستمان بە ھاوكاری و دۆستایەتی ھەردوولا ھەیە.