له‌ چین تا ئێستا هه‌زار و 17 كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

له‌میانی 24 كاتژمێری رابردوودا، 108 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ چین له‌ ئه‌نجامی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ هه‌زار و ١٧ كه‌س و ژماره‌ی تووشبووانیش بۆ ٤٢ هه‌زار و ٦٣٨ كه‌س به‌رزبوویه‌وه‌

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنی نیشتمانی ته‌ندروستی چین-ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌یان لێده‌كرێت ٢١ هه‌زار و ٦٧٥ كه‌سن، هاوكات ١٨٧ هه‌زار و ٧٢٨ كه‌سیش له‌ژێر چاودێریی پزیشكییدان.

باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ له‌ كۆی ٤٢ هه‌زار و ٦٣٨ كه‌سی تووشبوو به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا، دۆخی حه‌وت هه‌زار و ٣٣٣یان مه‌ترسیداره‌ و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ هه‌زار و ١٧ كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌ هۆنگ كۆنگ-ه‌.

تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش ژماره‌ی حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كان تووشبوون به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی هۆنگ كۆنگ بۆ ٤٢ و له‌ هه‌رێمی ماكاو بۆ ١٠ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

كۆمیسیۆنی نیشتمانی ته‌ندروستی چین رایگه‌یاندووه‌ له‌میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٠٨ كه‌س به‌هۆی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و دوو هه‌زار و ٤٧٨ حاڵه‌تی نوێ له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تۆماركراون. له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ٩٧٤یان له‌ هوبێ بوون كه‌ سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌.