له‌ژاپۆن 136 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆماركرا

له‌ چین ژماره‌ی تووشبووانیش گه‌یشتووەتە 40 هه‌زار و 171 كه‌س

لە کۆی سێ هەزار و ٧١١ سەرنشینی نێو کەشتی "شازادە خاتوونی ئەڵماس"ی گەشتیاری کە لە ژاپۆن دەست بەسەرکراون، ١٣٦یان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

لەوبارەوە کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە رایگەیاند سەرجەم سەرنشینانی نێو کەشتییەکە لە ژاپۆن دەست بەسەرکراون کە ژمارەیان سێ هەزارو ٧١١ کەسن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت تا بزاندرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان یان نا.

ئاماژەی بەوەیشکردووە، بەپێی ئەو پشکنینانەی کە بۆ سەرنشینەکان کراوپ دەرکەوتووە تا ئێستا، ١٣٦یان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.

ئەو کەشتییە لە بەندەری یوکوهاما نزیک لە شاری تۆکیۆی پاتیەخت دەستی بەسەرداگیراوە.

لای خۆیەوە وەزیری تەندروستی ژاپۆن، کاتسۆنۆمۆ ماتۆ رایگەیاند کە پشکنین بۆ سەرجەم سەرنشینانی نێو ئەو کەشتییەدا ئەنجام دەدەریت.

کاتسۆنۆمۆ ماتۆ جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە تا ئەو کاتەی ئەنجامی پشکنینەکان رادەگەیەندرێت، سەرجەم سەرنشینانی نێو کەشتییە گەشتیارییەکە دەست بەسەردەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر بڵاوکرابوویەوە ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی په‌تای جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (2019-nCoV)ه‌وه‌ له‌ چین گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ بەرزبووەتەوە بۆ ٩٠٩ كه‌س، ژماره‌ی تووشبووانیش گه‌یشتووەتە ٤٠ هه‌زار و ١٧١ كه‌س.