ئیمانوئێل ماكرۆن: فه‌ڕه‌نسا خاوه‌نی نزیك به‌ 300 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمییه‌

ئاسایشی دوورمه‌ودای ئه‌ورووپا په‌یوه‌سته‌ به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا

ئیمانوئێل ماكرۆن، سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا له‌ میانه‌ی گوته‌یه‌كیدا له‌ كۆلێژێكی سه‌ربازی فه‌ڕه‌نسا باسی له‌ ستراتیجی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی كرد.

ماكرۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ پرسی كۆنتڕۆڵكردنی چه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپادا پێویستی به‌ كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و گوتی "فه‌ڕه‌نسا ده‌ست به‌كار ده‌بێت بۆ دانانی بناغه‌ی ستراتیجێكی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ببێته‌ جێگای زۆرترین بایه‌خی هاوپه‌یمانه‌ ئه‌ورووپییه‌كانی. ده‌توانین ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ ته‌واوی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌ورووپا پێشنیاز بكه‌ین".

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی خاوه‌نی نزیك به‌ 300 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی جه‌نگییه‌.

ناوبراو جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئاسایشی دوورمه‌ودای ئه‌ورووپا په‌یوه‌سته‌ به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، ئاسایشی فه‌ڕه‌نساش به‌نده‌ به‌ زیاد كردنی توانا سه‌ربه‌خۆكانییه‌وه‌.