ڕاهێنه‌ری بارسێلۆنا پێشنیازی بۆ ئیداره‌ی تیپه‌كه‌ی كردووه‌ هێرشبه‌رێكی گونجاو بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی عوسمان دێمبلی ده‌ستنیشان بكه‌ن

به‌گوێره‌ی هه‌واڵی میدیاكانی ئیسپانیا


به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا، كیكی سێتین ڕاهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێشنیازی بۆ ئیداره‌ی تیپه‌كه‌ی كردووه‌ هێرشبه‌رێكی گونجاو بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی عوسمان دێمبلی فه‌ڕه‌نسی ده‌ستنیشان بكه‌ن كه‌ به‌م دواییه‌ دووچاری پێكانێكی دیكه‌ هات و نزیكه‌ی پێنج مانگ له‌ یاریگاكان دوورده‌كه‌وێته‌وه

 به‌ پێی ڕێنماییه‌كانی یه‌كێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بارسێلۆنا بۆی هه‌یه‌ به‌ده‌ر له‌ گرێبه‌سته‌كانی مێركاتۆی زستانه‌و به‌هۆی پێكانی سه‌ختی دێمبلی، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یاریزانێكی ‌دیكه‌ واژووبكات، له‌مباره‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی سپۆرتی كاتالۆنی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ سێتین پێی باشه‌ بارسا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ویلیان خۆسێی به‌ڕازیلی و هێرشبه‌ری یانه‌ی ڕیال سۆسیداد واژووبكات، پێشتریش ئه‌م یاریزانه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سێتین له‌ یانه‌ی لاس پالماس یاری كردووه

 جێگای باسه‌ له‌ مێركاتۆی زستانه‌دا، بارسا هه‌وڵی دابوو ویلیان خۆسێی ته‌مه‌ن بیستوهه‌شت ساڵ بگوازێته‌وه‌ ڕیزه‌كانی، به‌ڵام ئیداره‌ی سۆسیداد ئاماده‌نه‌بوو به‌ كه‌متر له‌ سی ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری یاریزانه‌كه‌ بێت