ڕاگه‌یه‌نراوێک له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران له‌ عێراق ئیدانە دەكەین


نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت بەردەوامیی بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران له‌ عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەردەوامیی بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران له‌ عێراق ئیدانە دەكەین. خۆپیشاندانی ئاشتییانەی مەدەنی، مافێكی دەستووریی ڕێگەپێدراوە، كوشتنی خۆپیشاندەران و بەكارهێنانی هێز بۆ تۆقاندن و بڵاوەپێكردنیان، تاوانێكی زەق و زەوتكردنی ئازادی و مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتیانە.

ئێمە لە كاتێكدا داوای ڕاگرتنی ئەو توندوتیژی و هەڵسوكەوتە ناڕەوا و نایاساییە دەكەین، پشتگیریی خۆمان بۆ داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران دووپات دەكەینەوە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشتر كە مافی شایستەی گه‌لى عێراقە.

ده‌بێ هه‌مووان له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ كێشە و ناڕەزایی و داواكارییەكانی خەڵك بە زەبری هێز و سەركوتكاری نە كپ دەكرێن و نە چارەسەر دەبن، ھاوکات بۆ کۆتاییھێنان بەو قەیرانه‌، داوا دەکەین هه‌رچى زووترە پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی تازە یەکلا بکرێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

٦/٢/٢٠٢٠