خواستی ڕۆژانه‌ی نه‌و‌ت له‌ چین بۆ سێ ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیوه

به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌یه‌

به‌ پێی ئاژانسی هه‌واڵی بڵۆمبێرگ، خواستی چین بۆ نه‌وت به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا بۆ سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا دابه‌زیوه‌.‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر  نه‌وت به‌ گه‌وره‌ترین شۆك بۆ بازاره‌كانی نه‌وت له‌ جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت دوای قه‌یرانی دارایی ساڵی دووهه‌زارو هه‌شت و دووهه‌زارو نۆ، هه‌روه‌ها به‌ گه‌وره‌ترین گورز له‌ دوای هێرشه‌ تیرۆریستیه‌كانی له‌ناكاوی یانزده‌ی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌م ڕوداوه‌ ئۆپێك و هاوپه‌یمانانی ڕووبه‌رڕووی گوشارێكی قورس ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌ووی دانیشتنێكی به‌په‌له‌ بۆ دابه‌زاندن و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت هه‌روه‌ها جێگیر كردنی نرخی نه‌وت ئه‌نجام بده‌ن. جان كیلداف لێكۆله‌رێكی بازاری نه‌وتی نیۆیۆرك كه‌ زیاتر له‌ پانزده‌ ساڵه‌ ئه‌زموونی له‌ بازرگانی وزه‌دا هه‌یه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌مه‌ ڕووداوێكی پێشبینی نه‌كراو بوو بۆ بازاڕی نه‌وت. پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا هیوایه‌ك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست نه‌وت له‌ جیهاندا هه‌بوو به‌ڵام ئێستا ئه‌م هیوایانه‌ له‌ناو چۆن. رێكخراوی ئۆپێك و هاوپه‌یمانانی ده‌بێت  كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌م نه‌كرێته‌وه‌ نرخی نه‌وت زیاتر داده‌به‌زێت. چین به‌ گه‌وره‌ترین هاورده‌كاری نه‌وت له‌ نێوان وڵاتانی جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه‌ش هه‌رجۆر گۆرانكاریه‌ك له‌ خواستی نه‌وت له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاو ده‌خاته‌ سه‌ر بازاڕی نه‌وت له‌ جیهاندا. ئه‌م وڵاته‌ نزیكه‌ی چوارده‌ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا به‌كار ده‌هێنێت كه‌ هاوتای له‌گه‌ل كۆی گشتی خواستی وڵاتانی فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا، بریتانیا، ژاپۆن و كۆریای باشوور.نرخی نه‌وت دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا له‌ چین له‌ بیستی كانوونی دووه‌م مانگی ڕابردوو زیاتر له‌ سه‌دا ده‌ به‌های خۆی له‌ده‌ستداوه‌.