شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی كێشه‌ی جووتیارانه‌

بریاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌ڵێت سه‌ردانی شانده‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی گفتووگۆیه‌ له‌باره‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران و وه‌رگرتنی بڕی گه‌نمی جووتیاران. فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ ده‌كات و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمیش یاوه‌ری شانده‌كه‌ن سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی پاره‌ی گه‌نمی ڕاده‌ستكراوی ساڵانی ( 2014،2015،2016) گفتووگۆ ده‌كه‌ن. فارس عیسا، راشیگه‌یاند: جگه‌ له‌ پاره‌ی گه‌نم گفتووگۆ له‌باره‌ی وه‌رگرتنی بڕی گه‌نمی جووتیاران و چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی ده‌كرێت.