حكوومەتی هەرێم سالانه‌ گەنمی جووتیاران وەردەگرێته‌وه‌

ساڵانە هه‌رێمى كوردستان یەك ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت، حكوومەتی هەرێم ڕەزامەندیی دەربڕیوە ساڵانە ئەو گەنمەی جووتیاران كە دەمێنێتەوە و حكوومەتی عێراق وەری ناگرێت، خۆی بیكڕێتەوە، ئامانجی حكوومەتیش ئەوەیە، ئاسایشی خۆراك لە كوردستان دابین بكات.

حوسێن حەمەكەریم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی داوە لەوەی ساڵانە ئەو بەشەگەنمەی جووتیارانی كودستان كە دەمێنێتەوە و حكوومەتی عێراق لێیان وەرناگرێت، خۆی وەری بگرێتەوە.

حەمەكەریم گوتیشی، پڕۆژەكە ئێستا لە ژێر دیراسەدایە لەلایەن لایەنە پێوەندیدارەكانەوە و دواجار پڕۆژەیەكی تەواو بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەكرێتەوە.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، حكوومەت دەیەوێت ئاسایشی خۆراك جێگیر بكات و جووتیارانی كوردستان زیانمەند نەبن، ساڵانەش كوردستان یەك ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت و حكوومەتی عێراقیش بڕێكی كەمی وەرگرتووە، كە ساڵی ڕابردوو 370 تۆن گەنمی لە جووتیارانی كوردستان وەرگرتووە، بۆیە ئەو بڕەی دەمێنێتەوە، جووتیاران بە ناچاری بە نرخێكی زۆر كەم دەیفرۆشنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم پلەبەندی بۆ گەنم دیاری دەكات، كە پلە یەك و دوو سێن و پاش وەرگرتنەوەی گەنمەكەش، دەیداتەوە بە ئاشەكانی ناوخۆ، كە دواجار دەكرێن بەو خۆراكانەی دیاری دەكرێن وەك ساوەر و ئارد، پلانی دووەمیش ئەوەیە، گەنمی جووتیاران لەلایەن حكوومەتەوە لە وڵاتان كڕیاری بۆ بدۆزێتەوە و هەناردەی بكات.