ژمارەیەک هێلیکۆپتەری جەنگیی ئەمریکا لە بەغدا نیشتنەوە

دوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ سه‌ر باڵیۆزخانەی ئەمریکا

دوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو، ژمارەیەک هێلیکۆپتەری جەنگیی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نیشتنەوە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەک بە پلەی نەقیب لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە درەنگانی شەوی رابردوو، ژمارەیەک هێلیکۆپتەری جەنگیی ئەمریکا لەناو کۆمەڵگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا نیشتنەوە و دواتر بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و پاشان ناوچەکەیان جێهێشتووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشدا کە نێشتنەوەی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دوای ئەو هێرشە مووشەکییە هات کە شەوی رابردوو کرایەسەر باڵیۆزخانەکە و باسی لەوەیشکرد کە ئەگەری هەیە ئەو هێلیکۆپتەرانە ئەو کەسانەیان گواستبێتەوە کە لەوانەیە لە هێرشەکەدا برینداربووبن.

ئێوارەی دوێنی یەکشەممە، پێنج مووشەکی کاتیۆشا کە لە شوێنێکی نادیارەوە ئاراستەکرابوون لە دەورووبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتنەخوارەوە.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە لەمیانی ئەم مانگەدا، ئەمە چەندین جارە مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا دەکرێت.

واشنتۆن، حزبوڵڵای عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت بەوە تۆمەتبار دەکات کە هێرشی مووشەکی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجام دەدات.