چین بۆ بەرەنگاربوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەیەوێت بە کەمتر لە 10 رۆژ نەخۆشخانەیەک دروست بکات

نەخۆشخانەکە لە 3ی مانگی داهاتوو پێشوازیی لە نەخۆشەکان ده‌كات


بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، وڵاتی چین دەستی کرد بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێ لە ووهان بە مەبەستی چارەسەکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، وا بڕیارە ئەم نەخۆشخانە کە لە هەزار قەرەوێڵە پێکدێت لە ماوەی 7 بۆ 10 رۆژدا کارەکانی تەواو ببێت.

لای خۆشیەوە ئاژانسی "شینخوا"ی چینی رایگەیاند، نەخۆشخانەکە لەسەر رووبەڕی 25 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و بەپێی پلانەکە، دەبێت لە 3ی شووباتی داهاتوو کارەکانی تەواوبێت و پێشوازیی لە نەخۆشەکان بکات.

بە گوێرەی وێنەکان کە ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، وادەردەکەوێت بەشێوەیەکی چڕ کار دەکرێت لەو شوێنەی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە تەرخان کراوە لە ناوچەی قەدیان لە رۆژئاوای شاری ووهان لە هەرێمی هۆبی وڵاتی چین.