وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی: چاودێری بارودۆخی پەتاکە دەکەین و رێکاری پێویست دەگرینە بەر

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، لە هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم وڵاتانی تری جیهان لەنزیکەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO چاودێری بارودۆخی پەتاکە دەکەین و رێکاری پێویست دەگرینە بەر.

ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئێستا ئەو زانیاری و راسپاردانەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێویست ناکات پشکنین و چاودێری لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان و شوێنە گشتیەکان بگیرێتەبەر، بەڵکو رێکارەکان هەمان رێوشوێنی کۆنتڕۆڵ و خۆپارێزیە لە پەتای ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا وەک پەتاگەری.

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی ڕایگەیاندووە، رێکارەکان بریتین لە زوو دۆزینەوە و جیاکردنەوە و چارەسەرکردن و هۆشیاری تەندروستی لە خۆپارێزی کەسی وەک زوو زوو دەست شووشتن، خۆ بەدوورگرتن لەشوێنی قەڵەباڵغ و داخراو لەگەڵ پاپەندبوون بە ئەتەکێتی کۆکین و پژمین وەک داپۆشینی دەم و لووت.

بەپێی دوا راپۆڕتی رێکخراوی جیهانی WHO تاوەکو ئێستا 577 کەس توشبوون و 17 کەس مردوون و رێژەی کوشندەیی تا ئێستا 4٪ـە ، جگە لە ووڵاتی چین، لە چەند وڵاتێکی تری ئاسیا وەک ژاپۆن، کۆریا، تایلەند و سەنگافورا تۆمارکراوە.