سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه‌ كۆبوونه‌وه‌

له‌ چوارچێوه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی داڤۆس

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ دۆخى عێراق و خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى دیكه‌ى وڵات و داواكارییه‌كانیان و داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌ هه‌وڵى هێوردكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان و ڕێگرى له‌ په‌ره‌نه‌سه‌ندنى ئاڵۆزییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ به‌رده‌وامیى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ داڤۆس، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22/1/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز میر فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان ئال سعوود وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و گرنگیى هه‌وڵه‌كانى بۆ ئارامكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، ڕه‌وشى پێكهاته‌كان له‌ عێراق، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تى و هاوكارییه مرۆییه‌كانى خاچى سوورى سعوودى بۆ ئه‌وان خرانه‌ به‌ر باس و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.