سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ڕێكخراوى جایكا كۆبوه‌وه‌

له‌ به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى داڤۆسدا

نیچیرڤان بارزانى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شینیچى كیتائۆكا سه‌رۆكى ئاژانسى جایكاى ژاپۆنى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كار و پرۆژه‌كانى ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌ربڕى كه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ خزمه‌تیان به‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و جێپه‌نجه‌یان به‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دیاره‌.

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیى كۆبوونه‌وه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى داڤۆسدا، به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى ئاژانسى هاریكاریى نێودوڵه‌تیى ژاپۆنى “جایكا” كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى ئاژانسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى جایكا و گه‌ل و حكوومه‌تى ژاپۆنى كرد بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى جایكا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئاژانسى هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تیى ژاپۆنى له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و سوپاسى ئاسانكارى و هه‌ماهه‌نگیى داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌نجامدانى كار و پرۆژه‌كانیان كرد.